وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار چوار پرۆژەی ئاوەڕۆی راگه‌یاند

كاركردن له‌سه‌ر پرۆژه‌كان
كاركردن له‌سه‌ر پرۆژه‌كان

K24  - هه‌ولێر:

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە گوژمەی زیاتر لە هەشت ملیار دینار چوار پرۆژەی ئاوەڕۆی لە شەقامی 150 مەتری و رێگەی پیرمام راگەیاند.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەستپێكردنی چوار پرۆژەی دروستكردنی ئاوەرۆی لە شەقامی 150 مەتریی هەولێر و رێگەی سەرەكیی پیرمام بە گوژمەی زیاتر لە هەشت ملیار دینار راگەیاند و ئاماژەی بەوەش كرد كە سەرەڕای ئەو بارودۆخە داراییەی حكوومەتی هەرێم هەیەتی، بەڵام بە هەوڵ و رێنماییەكانی سەرۆكی حكومەت "بۆ یەك رۆژیش پرۆژە و كارە خزمەتگوزارییەكان نەوەستاون و ناوەستن".

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 19ـی ئه‌یلوولی 2022، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەك لە بەرێوەبەرانی گشتی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بەرێوەبەر و دامودەزگەكانی دیكه‌ی وەزارەت، رێوڕەسمی دەستپێكردنی چوار پرۆژەی ئاوەڕۆ بەرێوەچوو كە تێیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كەوتنە بواری جێبەجێكردنی پرۆژەكانی راگەیاند.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەباره‌ی پرۆژه‌كانه‌وه‌ گوتی: ئەو پرۆژانەی كەوتنە بواری جێبەجێكردن، چوار پرۆژەن و بە گوژمەی هەشت ملیار دینار تەواو دەكرێن كە بریتین لە دروستكردنی ئاوەڕۆیەك بە ژێر شەقامی 150 مەتری، لەگەڵ دوو پرۆژەی ئاوەرۆ لە رێگەی هەولێر-پیرمام و خانزاد و پرۆژەیەكی دیكەشیان دروستكردنی دیواری پاڵپشتە بە بەستەی ئاسنین، ئاوبەری سندووقی، كۆنكرێتكردنی لوولەیی، دروستكردنەوەی جوگەكان و جۆگەكانی ناوەراستی رێگەی سەرەكیی مەلائۆمەر-پیرمام.

ساسان عەونی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: هیوادارین جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانە ببێتە بەشێكی گرنگ لە چارەسەركردنی گرفتی كۆبوونەوەی ئاوی زیادە كە بە درێژایی ئەو شەقامە روودەدات، ئەوەش لە ئەنجامی فراوانبوونی شار و چربوونی دانیشتووانی شاری هەولێر، جگە لە هۆكارە سەرەكی و سەربارەكان كە ئەوانیش گۆرانی كەشوهەوا و رێژەی زۆری باران.

لە كۆتایی گوتاره‌كه‌یدا، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار رایگەیاند: دەمەوێت لەو دەرفەتەدا جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات لەوە دەكاتەوە هەر كێشە و گرفتێك لە هەر شوێنێكی كوردستان هەبێت، هەوڵی چارەسەری بۆ دەدات و سەرەرای ئەو بارودۆخە داراییەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە، بەڵام رۆژێك لە رۆژان پرۆژە و كارە خزمەتگوزارییەكان نەوەستاون و ناوەستن، ئەمەش هەمووی بە سەرپەرشتی و رێنمایی بەردەوامی رێزدار كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.