عامری و عەبادی هەڕەشەی کشانەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن

"ناکرێت بۆچوونی سیاسیی هیچ لایەنێکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر لایەنەکانی دیکەدا بسەپێندرێت"
حەیدەر عەبادی - هادی عامری
حەیدەر عەبادی - هادی عامری

K24 – هەولێر

هادی عامری و حەیدەر عەبادی، دووپات لە دانوستان لەگەڵ رەوتی سەدر دەکەن و هەڕەشەیان کردووە ئەگەر لایەنی بەرامبەریان بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی هەوڵی سەپاندنی بۆچوونی خۆی بدات، "لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەکشێنەوە".

رۆژنامەی "ئەلعەرەبیە جدید" راپۆرتێکی لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاوکردووەتەوە. لە راپۆرتەکەدا چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر دوو باڵ دابەشکراوە، یەکەمیان بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، قەیس خەزعەلی سکرتێری گشتی عەسائیب ئەهلی حەق و عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە و باڵی دووەم بە سەرۆکایەتی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشوو و فاڵح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی.

باڵی دووەم بەردەوام دووپات لە دانوستان لەگەڵ رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، "بەدوور لە دۆڕاو و براوە و سەپاندنی ئەمری واقع"، دەکاتەوە.  

سەرچاوەیەک لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە رۆژنامەی "ئەلعەرەبیە جدید"ـی راگەیاندووە، پرسی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران، کێشەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی قووڵتر کردووەتەوە.

ئەو دەڵێ: لایەنی یەکەم بە سەرکردایەتی نووری مالیکی، سوورن لەسەر پێکهێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، بەڵام لایەنی دووەمی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمەی رەتکردووەتەوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "عامری، عەبادی و فەیاز دووپاتیان لە گفتوگۆ و لەیەکتێگەیشتن لەگەڵ رەوتی سەدر لەبارەی سەرۆکوەزیران و حکومەتی داهاتوو کردووەتەوە، پێش لە نانی هەر هانگاوێک، بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی پێکدادانی چەکداری بکرێت، وەک ئەوەی پێشتر لە ناوچەی سەوزی بەغدا روویدا".

رۆژنامەکە لەسەر زاری سەرچاوەکەوە ئاشکرایکردووە، "ئەو بابەتە کێشەی قووڵی لێکەوتووەتەوە و عامری و عەبادی هەڕەشەیان کردووە ئەگەر بۆچوونی مالیکی، خەزعەلی و حەکیم بسەپێندرێت، لە ریزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکشێنەوە".

هەڵوێستی ئێران و حزبوڵا

ئێران و حزبوڵای لوبنان، لە هەوڵی ئەوەدان کێشە ناوخۆییەکانی ناو ماڵی شیعە گەورەتر نەبێت و هەر بۆیە محمەد کەوسەرانی نوێنەری حزبوڵا، لە نیوانیان دایە.

بە پێی زانیەرییەکانی رۆژنامەکە، "ئێران نایەوێت هیچ لایەنێکی شیعە وەک دۆڕاو دەربکەوێ و لە ناو پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا فەرامۆش بکرێت.

عەقیل روودەینی، وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر کە لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، دان بە "جیاوازی بۆچوون و هەڵوێست" لە ناو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەنێت.

ئەو بە "ئەلعەرەبیە جدید" دەڵێت: هاوپەیمانی نەسر لە رێگەی نێوەندگیرییەوە، دەیەوێت قەیرانی سیاسیی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر چارە بکات. ئێمە دەمانەوێت رێگری لە خوێنڕشتن و فراوانبوونی هەر جۆرە گرژی و پێکدادانێک لە ناو شەقامەکانی عێراقدا بکەین".

عەقیل روودەینی، دووپاتیکردەوە "ناکرێت بۆچوونی سیاسیی هیچ لایەنێکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر لایەنەکانی دیکەدا بسەپێندرێت، دەبێت بڕیارەکان بە کۆدەنگی بن".