هاووڵاتیان ده‌توانن بۆ 30 رۆژی دیكه‌ له‌ بریاری لێخۆشبوون له‌ قه‌رزی باج سوودمه‌ندبن

كه‌مال وه‌رتی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باج و خانووبه‌ره‌ی میری له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری
كه‌مال وه‌رتی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باج و خانووبه‌ره‌ی میری له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری

K24 – هه‌ولێر:

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مڕۆ (20ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، دوا واده‌بوو بۆ سوودمه‌ندبوون له‌ بڕیاری لێخۆشبوون له‌ قه‌رزی باج، به‌ڵام بریاردراوه‌ تا 30 رۆژی دیكه‌ هاووڵاتیان و كۆمپانیان له‌و بڕیاره‌ سوودمه‌ندبن.

كه‌مال وه‌رتی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باج و خانووبه‌ره‌ی میری له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كوردستان24 ئاشكرایكرد، تا مانگێكی دیكه‌ هاووڵاتیان ده‌توانن سوودمه‌ندبن له‌ بریاری لێخۆشبوون له‌ قه‌رزی باج.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باج و خانووبه‌ره‌ی میری رایگه‌یاند، ماوه‌ی شه‌ش مانگه‌ هاووڵاتیان سوودمه‌ندن له‌ بڕیاری لێخۆشبوون له‌ قه‌رزی باج و هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مڕۆ دوا واده‌ی جێبه‌جێكردنی بڕیاری لێخۆشبوون له‌ قه‌رزی باج بوو، به‌ڵام بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆژانه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوو كه‌وتنه‌ پشووه‌وه‌، بۆ ماوه‌ی 30 رۆژی دیكه‌ مامه‌ڵه‌كان بۆ لێخۆشبوون له‌  قه‌رزی باج وه‌رده‌گیرێت.

كه‌مال وه‌رتی روونیكرده‌وه‌، باج مافێكی گشتییه‌ و به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ بۆ خزمه‌تی هاووڵاتیان له‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت خه‌رجده‌كرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، یه‌كه‌مینجاره‌ له‌ مێژووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا حكومه‌ت بەتەواوی پشت به داهاتی خۆی ببەستێت بۆ گشت خه‌رجییه‌كان و دابینكردنی مووچه‌.

سه‌باره‌ت به‌ رێژه‌ی باج، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باج و خانووبه‌ره‌ی میری گوتی، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا باج زیادنه‌كراوه،‌ به‌ڵكو هه‌ندێك له‌ مادده‌ یاساییه‌كانیش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی باج له‌سه‌ر هاووڵاتیان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌مواركراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ته‌نها رێكار و میكانیزمه‌كانی وه‌رگرتنی باج رێكخراونه‌ته‌وه‌ بۆ رێگریكردن له‌ گه‌نده‌ڵی و خۆدزینه‌وه‌ له‌ پێدانی باج.

هه‌روه‌ها گوتی، 80%ی ئه‌و داهاته‌ی باج كه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌ ته‌نها له‌ دوو هه‌زار كۆمپانیا وه‌رگیراوه‌ و 20%ی داهاته‌كه‌ی دیكه‌ی باج له‌ ملیۆن و نیوێك باجده‌ر كه‌ هاووڵاتیانی ئاسایین وه‌رگیراوه‌، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باج له‌سه‌ر چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و كۆمپانیا گه‌وره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو جێبه‌جێكراوه‌.

كه‌مال وه‌رتی باسی له‌وه‌شكرد، له هەرێمی کوردستان باج 5%ـی بودجە پێکدێنێت كه‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ به‌ بەراورد به وڵاتانی ناوچه‌كه‌ زۆر کەمتره.

پێشتر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بریاریدابوو، ھەر كەس و كۆمپانیایەك كه‌ قه‌رزی باجیان له‌سه‌ره‌، ئه‌گه‌ر له‌ 90 رۆژدا بۆ حكومه‌تی بگه‌ڕێننه‌وه‌، ئه‌وا له‌ زیاده‌ و سزاكانی دواخستن خۆش ده‌بێ، دواتر بۆ سوودمه‌ندبوونی هاووڵاتیان جارێكی دیكه‌ ئه‌و بریاره‌ی بۆ 90 رۆژی دیكه‌ درێژكرده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مڕۆ (20ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، دوا رۆژ بوو بۆ سوودمه‌ندبوون له‌و بڕیاره‌، به‌ڵام بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆژانه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوو كه‌وتنه‌ رۆژانی پشووه‌وه‌، بریاردرا بۆ ماوه‌  30 رۆژی دیكه‌ هاووڵاتیان و كۆمپانیاكان له‌و بریاره‌ سوودمه‌ندبن.