پۆلیسی هه‌ولێر كه‌سێك ده‌ستگیرده‌كات كه 400 هه‌زار دۆلاری دزیوه
K24 – هه‌ولێر:
پۆلیسی هه‌ولێر ده‌ستگیركردنی كه‌سێكی راگه‌یاند كه زیاتر له 400 هه‌زار دۆلاری له ماڵێكی شاری هه‌ولێر دزیوه و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات شوقه‌ی پێكڕیوه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (20ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، هۆگر عه‌زیز، گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی رابردوو كه‌سێك له شاری هه‌ولێر 400 هه‌زار دۆلار و بڕێك زێڕی له ماڵێك دزی بوو، ده‌ستگیركرا.
گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر روونیكرده‌وه، ئه‌و كه‌سه دوای دزینی ئه‌و بڕه پاره‌یه، چووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی وڵات و شوقه‌یه‌كی به بڕی 150 هه‌زار دۆلار كڕیوه و به‌شێكی دیكه‌ی پاره‌كه‌شی خه‌رجكردووه.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شاری هه‌ولێر، له‌لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێر ده‌ستگیركراوه كه نزیكه‌ی پێنج هه‌زار دۆلاریشی پێبووه.
گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر گوتیشی، تۆمه‌تباره‌كه به‌پێی مادده‌ی 444ی یاسای سزادانی عێراقی راگیراوه و په‌ڕاوی لێكۆلینه‌وه‌ی بۆ كراوه‌ته‌وه و رووبه‌رووی دادگا ده‌كرێته‌وه.