ئیمارات پلانی هەیە هەناردەکردنی نەوت زیاد بکات

ئیمارات پلانی هەیە هەناردەکردنی نەوت زیاد بکات
ئیمارات پلانی هەیە هەناردەکردنی نەوت زیاد بکات

K24 – هه‌ولێر:

ئیمارات پلانی هەیە بەرلەوەی خواستی جیهانی لەسەر نەوت کەمببێتەوە، هەناردەکردنی نەوت زیاد بکات.

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، پلانی خۆی بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خێراترکردووە، بەگوێرەی راپۆرتێکی بلومبێرگ، ئیمارات هەوڵدەدات سوود لە یەدەگی نەوتی خاو وەربگرێت، بەرلەوەی جیهان بەڕێژەیەکی زۆر سوود لە وزەی خاوێن وەربگرێت و نەوت ئەو نرخەی ئێستا نەکات و ئەو داواکارییەی ئێستای لەسەر نەبێت.

کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئەبوزەبی (ADNOC)، کە نزیکەی هەموو نەوتی ئیمارات دەردەهێنێت، ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی 2025 رۆژانە 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەرهەمبهێنێت، ئەمەش نزیکترە لەو وادەیەی کە پێشتر  کۆمپانیاکە رایگەیاندبوو لە ساڵی 2030 دا دەگەنە ئەو ئاستە.

وەک لە ئاژانسەکەدا هاتووە،  کۆمپانیای ADNOC داوای لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییە هاوبەشەکان کردووە، لە کێڵگە نەوتییەکاندا ئاستی بەرهەمهێنانی درێژخایەن بە ڕێژەی 10% یان زیاتر بەرز بکەنەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەر ئیمارات سەرکەوتوو بێت لە گەیشتن بە ئامانجی ساڵی 2025، رەنگە تا کۆتایی ئەم دەیەیە هەوڵی زیادکردنی توانای خۆی بدات بۆ 6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

لە دوای سعوودیە و عێراق، ئیمارات یەکێکە لە گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوت لە "ئۆپێک"دا، ئیمارات رایگەیاندووە، توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا، بەڵام لەلایەن هاوپەیمانەکانی لە ئۆپێک سنوردارکراوە، کە بەرهەمهێنانی رۆژانەی لەم ئاستە تێپەڕنەکات، ئەمەش بۆ هاوسەنگکردنی بازاڕی نەوتی جیهان.