لیژنەیەک بۆ نووسینەوەی کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق پێکهێندرا

لیژنەکە لە 13 ئەندام پێکدێت و چواریان کوردن
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق - ئەرشیف
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق - ئەرشیف

K24 - هەولێر

لیژنەیەکی 13 کەسی بۆ نووسینەوەی کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق پێکهێندراوە و ئەندامەکانی لە لایەنەکانی بەشدار بوو لە پەرلەمانی عێراق پێکهاتوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پێنج ئەندامی لیژنەکە شیعەن لە چوارچێوەی هەماهەنگین، چوار سوننە کە ئەندامی عەزم و تەقەدومن بە کوتلەی سیادە ناسراون، چوار ئەندامی ئەو لیژنە کوردن دوو پارتی و دوو یەکێتی بریتین لە ( فواد حوسێن، بەنگین رێکانی، خالید شوانی، نزار ئامێدی). ئەم لیژنەیە وەک هەنگاوی سەرەتا کۆبوونەوەی خۆیان کردووە.

پارتی و یەکێتی بە یەک بەرنامە چوونەتە دانووستان و بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، پارتی و یەکێتی رێککەوتنیان لەنێواندا هەیە، بۆ ئەوەی  کاندیدێکی هاوبەش  بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەستنیشان بکەن، بەتایبەت ئەگەر جارێکی دیکە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار نەکرێتەوە.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، بوودجەیە، بەهێزکردنی پێشمەرگەیە، جێبەجێکردنی ماددەی 140ـە، هەروەها دەرچوونی یاسای نەوت و گازە، لەگەڵ پرەنسیپەکانی تەوافق و تەوازن و شەراکەت".

بەگوتەی قسەی بەرپرس و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، لە کاتی دانووستانەکانی کورد لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، هیچ کات داواکارییەکانی کورد رەتنەکراوەتەوە.

لەوبارەوە جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "ئێمە هەندێک مافمان هەیە، دەبێ جێبەجێ بکرێت، بەلای ئێمەوە گرنگ نییە بەرامبەر کێیە، ئەوەی گرنگە کە مافەکانمانە جێبەجێ بکرێت، ئەوکات حکومەت لەگەڵیان پێکبهێندرێت".