ناودارترین گرووپی هاککەری جیهان هەڕەشە لە ئێران دەکات

"رێگە نادەین حکومەتی ئێران لەناو ئینتێرنێتدا زیندوو بمێنێتەوە"
گرووپی ئانانیموس (نەناسراو)
گرووپی ئانانیموس (نەناسراو)

K24 – هەولێر

گرووپی ئانانیموس (نەناسراو) کە یەک لە ناسراوترین گرووپی هاککەرەکانی جیهانە، چەندین ماڵپەڕی سەرەکیی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی هاککرد و لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پشتگیری خۆیانی لە خەڵکی ئێران راگەیاند.

دوای کوژرانی ژینا ئەمینی و پەرەسەندنی خۆپێشاندانەکان، گرووپی ئانانیموس، ماڵپەڕی فەرمیی حکومەتی ئێران و ئاژانسی دەنگوباسی ئەو وڵاتەی هاک کرد.

ئەو گرووپە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە باس لە ژینا ئەمینی و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران دەکات. دەنگێکی دەستکاریکراو لەسەر ڤیدیۆکە داندراوە و دەڵێ :رێگە نادین چیتر خەڵک سەرکوت و بێدەنگ بکرێن و رێگە نادەین حکومەتی ئێران لەناو ئینتێرنێتدا زیندوو بمێنێتەوە.

گرووپی ئانانیموس، هەڕەشەی دەستپێکردنی هێرش لە ئێران دەکات و رایگەیاندووە، "هێرشەکان دەست پێدەکەین، ئێمە [لە ناو ئینتێرنێتدا] ئێوە دەکوژێنینەوە و خەڵکیش ئێوە لە سەر کورسیی دەسەڵات دەهێننەخوارەوە".

ئێوارەی رۆژی سێشەممە (20ـی ئەیلول) جارێکی دیکە خۆپێشاندان لە بەشێکی زۆری شارەکانی ئێراندا بەڕێوەچوو. خەڵک لە کوژرانی ژینا ئەمینی توورەن.

رۆژی 13ـی ئەیلول، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بە هۆی "رەچاونەکردنی باڵاپۆشی"، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تاران دەستگیرکرا و دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سی رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ـی مانگ لە گۆڕستانی ئایچی سەقز لە ناو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکسپێدرا.

پۆلیسی تاران، رایگەیاندووە کە ژینا بە هۆی "جەڵتەی دڵ" گیانی لەدەستداوە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەوەی رەتدەکەنەوە و باوکی ژینا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، هەموو ئەو قسانەی رەتکردەوە و گوتی، توندوتیژی بەرامبەر بە کچەکەی کراوە.

کوژرانی ژینا ئەمینی کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە. هەر لە رۆژی ناشتنی ژینا ئەمینییەوە، خۆپێشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی 19ـی ئەیلول، مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و بەشێک لە دانیشتووانی شارەکانی تاران، کەرەج و مەشهەد خۆپێشاندانیان کرد.

بە گوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، تا ئێستا لە ئەنجامی پێکدادانی هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەراندا، پێنچ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و سەرووی دوو سەد کەسیش برینداربوونە.