سێ هاووڵاتی دیکەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژران

سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لەلایەن پۆلیسی ئێران
سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لەلایەن پۆلیسی ئێران

K24 - هەولێر

لە شارەکانی ورمێ، مهاباد و پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان سێ کەسی دیکە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژران و پارێزگاری سنەش، کوژرانی سێ هاووڵاتیی کوردی پشتڕاست کردەوە.

ئێوارەی دوێنێ 20ی ئەیلوولی 2022، ئافرەتێکی تەمەن 65 ساڵە بە ناوی هاجەر عەباسی کە رۆژی دووشەممە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار ببوو، بە هۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا. هاوکات لە شاری ورمێ تەقە لە خۆپیشاندەران کرا و لە ئەنجامدا لاوێکی 23 ساڵە بە ناوی فەرجاد دەروێشی بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکێک لە سەری، کوژرا. هەروەها لە شاری پیرانشار (خانێ) لاوێکی تەمەن 16 ساڵان بە ناوی زەکەریا خەیال دوای برینداربوونی بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان، گیانی لەدەستدا.

لە لایەکی دیکەوە ئیسماعیل زارعی کووشا، پارێزگاری سنە، کوژرانی سێ خۆپێشاندەری لەو پارێزگایە پشتڕاست کردەوە، بەڵام رایگەیاند ئەم کەسانە بە چەکێک کوژراون کە بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە نییە.

راگەیاندنە ئێرانییەکانیش بڵاویانکردەوە لە شاری کرمان لە ناوەندی ئێران، ئافرەتێک بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە (20ـی ئەیلول) جارێکی دیکە خۆپێشاندان لە بەشێکی زۆری شارەکانی ئێراندا بەڕێوەچوو. خەڵک لە کوژرانی ژینا ئەمینی توورەن.

رۆژی 13ـی ئەیلول، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بە هۆی "رەچاونەکردنی باڵاپۆشی"، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تاران دەستگیرکرا و دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سی رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ـی مانگ لە گۆڕستانی ئایچی سەقز لە ناو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکسپێدرا.

پۆلیسی تاران، رایگەیاندووە کە ژینا بە هۆی "جەڵتەی دڵ" گیانی لەدەستداوە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەوەی رەتدەکەنەوە و باوکی ژینا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، هەموو ئەو قسانەی رەتکردەوە و گوتی، توندوتیژی بەرامبەر بە کچەکەی کراوە.

کوژرانی ژینا ئەمینی کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە. هەر لە رۆژی ناشتنی ژینا ئەمینییەوە، خۆپێشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی 19ـی ئەیلول، مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و بەشێک لە دانیشتووانی شارەکانی تاران، کەرەج و مەشهەد خۆپێشاندانیان کرد.

بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەوەتەوە، لە چوارەم رۆژی (سێشەممە 20ـی ئەیلول) ناڕەزایەتییەکاندا، خۆپێشاندان زۆربەی شارە گەورەکانی ئێرانی گرتووەتەوە.