سه‌رۆك بارزانی پیرۆزبایی له‌ یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان ده‌كات

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی

K24  - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا و دوو ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات، دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان  بڕیارێكی گرنگ و كاریگەر بوو .

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ـی ئه‌یلوولی 2022، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، په‌یامێكی له‌باره‌ی تێپەڕبوونی پەنجا و دوو ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا پیرۆزبایی لە سەرۆك، ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی، ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكات.

 له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بە ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی جەنابی بارزانیی نەمر بڕیارێكی گرنگ و كاریگەر بوو بۆ بەهێزكردنی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەمان، هەروەها بڵاوكردنەوەی دینداری، خوداناسی و قووڵتركردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی.

 ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، رۆڵ و قوربانیدانی مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام لە برەودانی میانڕۆیی، هزری نەتەوەیی، نیشتیمانپەروەری و رەتكردنەوەی ژێردەستی لە مێژووی میللەتەكەماندا زۆر بەرچاو بووە و، بە دڵنیاییشەوە ئەو ڕۆڵە لە قۆناغی ئێستا و داهاتووشدا گرنگ و كاریگەر دەمێنێتەوە.

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: لەو یادەدا هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستا بەڕێزەكان دەخوازم و سوپاسی ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم و، خودای گەورە پشت و پەنای هەموولایەكمان بێت.


ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی:

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا و دوو ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.

دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بە ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی جەنابی بارزانیی نەمر بڕیارێكی گرنگ و كاریگەر بوو بۆ بەهێزكردنی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەمان و هەروەها بڵاوكردنەوەی دینداری و خوداناسی و قووڵتركردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی.

لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵ و قوربانیدانی مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام لە برەودانی میانڕۆیی و هزری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و ڕەتكردنەوەی ژێردەستی لە مێژووی میللەتەكەماندا زۆر بەرچاو بووە و، بە دڵنیاییشەوە ئەو ڕۆڵە لە قۆناغی ئێستا و داهاتووشدا گرنگ و كاریگەر دەمێنێتەوە.

لەو یادەدا هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستا بەڕێزەكان دەخوازم و سوپاسی ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم.

خودای گەورە پشت و پەنای هەموولایەكمان بێت.

مسعود بارزانی

21ی ئەیلوولی 2022