دووەم پێشانگای نێودەوڵەتی گەشتیاریی دهۆک بەڕێوەدەچێت

"پێشانگاکە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و 150 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی تێیدا بەشدارن"

K24 – هەولێر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، رۆژی 27ی ئەیلوول، دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتیاری لە دهۆك بە بەشداری 150 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (21ی ئەیلوولی 2022) وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار راگەیەندراوێکی لەبارەی پێشانگاکە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "بە بۆنەی رۆژی جیهانیی گەشتوگوزار، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگەی دهۆك و بە هەماهەنگیی لەگەڵ دامودەزگە پەیوەندیدارەكانی سنووری پارێزگای دهۆك، دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتیاری لە پارێزگای دهۆك بەڕێوەدەچێت، كە ئەم پێشانگەیە یەكێكە لە بایەخدانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، بە كەرتی گەشتوگوزار بۆ پەرەپێدانی سێكتەرەكە و زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات".

دووەم پێشانگای نێودەوڵەتی گەشتیاریی دهۆک، کاتژمێر پێنجی ئێوارەی رۆژی سێشەممە (27ی ئەیلوول) لە گۆڕەپانی تەلەفریكی چیای زاوا لە شەقامی بارزان لە پارێزگەی دهۆک دەستپێدەکات و ماوەی سێ رۆژ و بە بەشداری 150 كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەردەوام دەبێت، کە پێکهاتوون لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی وڵاتانی (عێراق، لوبنان، توركیا، میسر، ئوردن، دوبەی، دومینیكا، سانت كیتس، رووسیا و ئێران).

وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، ئامانجیان لە پێشانگاکە ناساندنی سێكتەری گەشتوگوزارە لە سنووری پارێزگەی دهۆك كە دەوڵەمەندترین پارێزگەیە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بواری گەشتوگوزاردا.

بڕیارە لە پێشانگەكەدا چەندین پرۆگرامی جیاواز پێشكەش بكرێت، وەک "نیشاندانی كاری دەستی و جلوبەرگی كولتووری، پێشكەشكردنی چەندین پانێلی ئەكادیمی تایبەت بە پەرەپێدانی گەشتوگوزار، واژووكردنی گرێبەستی گەشتوگوزار لەگەڵ كاری هونەری لەلایەن تیپە هونەرییەكان". هەروەها وەزارەتی شارەوانی باسی لەوەکردووە، تیمە جیاوازەکان سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ پێشانگاکە و چاوەڕی دەکەن هەزاران کەس سەردانی بکەن.

بەگوێرەی داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئەمساڵدا زیاتر لە سێ ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و 85٪ـیان گەشتیاری ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون، لەو ژمارەیەش ملیۆنێك و 600 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگەی دهۆكیان كردووە.