سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی لە یەکێتی زانایانی ئیسلامیی کوردستان دەکات

K24 – هەولێر
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی پەنجا و دووەمین ساڵی دامەزراندنیان، پیرۆزبایی لە یەکێتی زانایانی ئیسلامیی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە (21ـی ئەیلول) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، هیوای خواست یەکێتی زانایانی ئیسلامیی کوردستان، رۆڵی گرنگ و کارای لە داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و پەرەپێدانی کولتووری لێبوردەیی و میانەڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانی کوردستاندا هەبێت.
پەیامی سەرۆکی حکومەت بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان
بەبۆنەی پەنجا و دووەمین ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
ئومێدەوارم یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، کە بە ڕاسپاردە و سەرپەرشتی ڕێبەری نیشتمانیمان بارزانیی نەمر دامەزرا، لە سەر هەمان بنەما و ئامانجانەی لە پێناویدا دامەزرا بەردەوام بن لە رۆڵی گرنگ و کارایان لە داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و پەرەپێدانی کولتووری لێبوردەیی و میانەڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان و ڕەتکردنەوەی توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕەوی.