هەڤاڵ ئەبوبەکر لە تورکیا داوایەک لە کۆمپانیایەکانی ئەو وڵاتە دەکات

هەڤاڵ ئەبوبەکر
هەڤاڵ ئەبوبەکر

K24 – کاستامۆنو:

پارێزگاری سلێمانی لە تورکیا داوای لە کۆمپنیاکانی ئەو وڵاتە کرد، وەبەرهێنان لە سلێمانی بکەن.

لە میانی بەشداریکردنی لە كوڕبه‌ندی ئابووری نێوان هه‌رێمی كوردستان، عێراق – توركیا هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی وتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "پێویستە ئەو پەیوەندییەکان بەهێز بکەین، بەتایبەتی پەیوەست بە ژووری بازرگانی پارێزگای سلێمانی و یەکێتی هەناردە و هاوردەکارانی کوردستان".

گوتیشی: "بازرگان و پیشەسازەکانمان پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ تورکیا هەیە، مەبەستمانە سلێمانیش لەسەر جوگرافیای ئەو گەشتەکردنە رۆڵی خۆی ببینێت، هەوڵمانداوە پەیوەندییەکان بەهێز بکەین، بەشێوەیەک کۆمپانیا تورکییەکان هاوشێوەی کۆمپانیاکانی دیکە، لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەی هەمانە بۆ فرەڕەنگ کردنی سەرچاوەکانی بازرگانی و پیشەسازی و ئابووری بەرەو پێشی ببەین".

هەڤاڵ ئەبوبەکر، بۆ کۆمپانیا تورکییەکان دەڵێت: "کۆمپانیاکان لە ئەمەریکاوە تا چین و رووسیا لە سلێمانی هەن، هیوادارین ئێوەش لە سلێمانی ببینینەوە، بە پڕۆژە و کارەکانتان بەتایبەتی لە ئاستی پیشەسازی، گەشتیاری و کولتووری، بۆ ئەوەی هەڵدەین پەیوەندی باشتر دروستبکەین، تاکوو ئەو کاڵایانەی لە سلێمانی بەرهەم دەهێنرێن بگەن بە بازاڕەکانی تورکیا و جیهان".