ماڵپەڕی بانکی ناوەندیی ئێران هاککرا

K24- هەولێر
دوای هاککردنی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی ئێران لەلایەن ناسراوترین گرووپی هاککەری جیهانی (ئانانیموس)، ماڵپەڕی باونکی ناوەندیی ئێرانیش هاککرا.
گرووپی ئانانیموس (نەناسراو) چەندین ماڵپەڕ و یەک لەوانە ماڵپەڕی سەرەکیی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی هاککرد و لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پشتگیری خۆیانی لە خەڵکی ئێران راگەیاند.
ئەو گرووپە هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی هاککردنی ماڵپەڕی فەرمی بانکی ناوەندی ئێران، لە پەیامێکیدا نووسیویەتی: ناتوانن ئەو پارە خوێناویە بکار بێنن، بژی ئێرانی ئازاد.
پێشتر ئەو گرووپە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە باس لە ژینا ئەمینی و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران دەکات. دەنگێکی دەستکاریکراو لەسەر ڤیدیۆکە داندراوە و دەڵێ :رێگە نادەین چیتر خەڵک سەرکوت و بێدەنگ بکرێن و رێگە نادەین حکومەتی ئێران لەناو ئینتێرنێتدا زیندوو بمێنێتەوە.

گرووپی ئانانیموس، هەڕەشەی دەستپێکردنی هێرش لە ئێران دەکات و رایگەیاندووە، "هێرشەکان دەست پێدەکەین، ئێمە [لە ناو ئینتێرنێتدا] ئێوە دەکوژێنینەوە و خەڵکیش ئێوە لە سەر کورسیی دەسەڵات دەهێننەخوارەوە".
رۆژی 13ـی ئەیلول، ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بە هۆی "رەچاونەکردنی باڵاپۆشی"، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تاران دەستگیرکرا و دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سی رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ـی مانگ لە گۆڕستانی ئایچی سەقز لە ناو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکسپێدرا.
پۆلیسی تاران، رایگەیاندووە کە ژینا بە هۆی "جەڵتەی دڵ" گیانی لەدەستداوە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەوەی رەتدەکەنەوە و باوکی ژینا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، هەموو ئەو قسانەی رەتکردەوە و گوتی، توندوتیژی بەرامبەر بە کچەکەی کراوە.
کوژرانی ژینا ئەمینی کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە. هەر لە رۆژی ناشتنی ژینا ئەمینییەوە، خۆپێشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی 19ـی ئەیلول، مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و بەشێک لە دانیشتووانی شارەکانی تاران، کەرەج و مەشهەد خۆپێشاندانیان کرد.
بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەوەتەوە، لە چوارەم رۆژی (سێشەممە 20ـی ئەیلول) ناڕەزایەتییەکاندا، خۆپێشاندان زۆربەی شارە گەورەکانی ئێرانی گرتووەتەوە.
ئەو خۆپێشاندانانە توندوتیژی لێکەوتەوە و بە پێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا شەش هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 250 کەسی دیکەش برینداربوونە.