حەمەى حەمەسەعید: پشتیوانی هەموو چالاکییەکی هونەرى و ڕۆشنبیریی تێکۆشەرانی رێی ئازادی دەکەین

دیمه‌نێكی دیداره‌كه‌
دیمه‌نێكی دیداره‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

حەمەى حەمەسەعید، وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، وەزارەتەکەى پشتیوانی هەموو جۆرە چالاکییەکی هونەرى و ڕۆشنبیری پێشمەرگە دێرینەکان و هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکات، لە سەردەمی خەباتی دژ بە دیکتاتۆریدا بۆ ئازادی تێکۆشاون.

ئەم وتانەى وەزیرى ڕۆشنبیری و لاوان لە میانی ئەو دیدارەدا هات، کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ شاندێکی "رابیتەی پشتیوانی شیوعییە عێراقییەکان، به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌بو ئه‌كه‌د، جێگری سەرۆکی ڕابیتەکە ئەنجامی دا.

شاندی "رابیتەی پشتیوانی شیوعییە عێراقییەکان" بە مەبەستی درووستکردنی پردی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکانی هەرێمی کوردستان و رابیتەکەیان سەردانی دیوانی وەزارەتیان کرد و لەلایەن جەنابى وەزیرى ڕۆشنبیری و لاوانەوە پێشوازیان لێکرا.

شاندەکە، وێڕای خستنەڕووی پوختەیەک لە بارەى پڕۆژە و چالاکییە ڕۆشنبیریی و هونەرییەکانیان، جەختیان لەسەر گرنگی هەبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و ئازادیخوازانی دێرین کردەوە.

لەو میانەیەدا، وەزیرى ڕۆشنبیری و لاوان ئاماژەى بە خەباتی هاوبەشى تێکۆشەرانی رێی ئازادی و رزگاریخوازی گەلانی عێراق لە سەردەمی دیکتاتۆرى کرد. لەو بارەیەوە رایگەیاند، لە سەردەمی دیکتاتۆریدا شاخەکانی کوردستان پشتیوانى خەباتی رەوای ئازادیخوازانی عێراق بوون، ئێستاش هەرێمی کوردستان مێرگێکی ئارام و سەقامگیر و پشتیوانی خەباتی هەموو ئەو تێکۆشەرانەیە ڕووبەڕووی ستەم، چەوساندنەوە و جیاکارى دەبنەوە.

دووپاتیشیکردەوە، هەرێمی کوردستان وەک چۆن بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ هەموو پێکهاتە مەزهەبى، ئایینی و نەتەوەییەکانی عێراق، بە هەمانشێوە وەک سەردەمی خەباتی شاخ، پشتیوانی سەرخستنی پڕۆسەى دیموکراتی و ئازادیی عێراقە، لەو پێناوەشدا رۆڵ و پێگەیەکی دیارى هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا، پشتیوانی هەموو جۆرە چالاکییەکی کولتوورى، ڕۆشنبیرى و هونەرى تێکۆشەرە دێرینەکانی عێراق دەکات.

"رابیتەى پشتیوانی شیوعییە عێراقییەکان"، کۆمەڵەیەکی کۆمەڵایەتی دیموکراتییە، بە بەشدارى کادیرە دێرینەکانی رەوتی چەپ لە عێراق و پشتیوانەکانی پێکهێنراوە. کۆمەڵەکە چالاکیی ڕۆشنبیری و هونەرى ئەنجامدەدات.