وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوان: پشتیوانی پڕۆژەى کۆکردنەوەى ئەرشیڤى گۆرانی هەورامی دەکەین

دوو لێكۆڵه‌ر ئینسكلۆپیدیای هونه‌ری هه‌ورامی ئاماده‌ ده‌كه‌ن
وه‌زیری رۆشنبیری و هه‌ردوو لێكۆڵه‌ری بواری هونه‌ری هه‌ورامی "کەیوان ساعدی" و "سۆران شەفیعی"
وه‌زیری رۆشنبیری و هه‌ردوو لێكۆڵه‌ری بواری هونه‌ری هه‌ورامی "کەیوان ساعدی" و "سۆران شەفیعی"

K24 – هه‌ولێر:

حەمەى حەمەسەعید، وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگه‌یاند، پڕۆژه‌ی كۆكردنه‌وه‌ و ئه‌رشیڤكردنی هونه‌ری هه‌ورامی پڕۆژه‌یه‌كی جێی بایه‌خی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییه‌ و كار بۆ سه‌رخستنی ده‌كه‌ن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دیوانی وەزارەت، حەمەى حەمەسەعید، وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هەردوو کەسایەتی لێکۆڵەرى بوارى کولتوور، هونەر و فەرهەنگی هەورامی، "کەیوان ساعدی" و "سۆران شەفیعی" کرد.

لە دیدارێکدا، هەردوو لێكۆڵه‌ر، پڕۆژەی خۆیان بۆ کۆکردنەوە و ساغکردنەوەى ئەرشیڤی گۆرانی، هونەر و میوزیکی هەورامی خستەڕوو، کە بەشێکە لە ناسنامەى رەسەنایەتی خەڵکی هەورامان و بەشێکی گرنگ و بەرجەستەى هونەرى رەسەنی کوردیی پێکدەهێنێت.

بە گوێرەى پڕۆژەکە، کە خرایە بەردەست وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوان، هەردوو لێکۆڵەر ئینسکلۆپیدیاییەکى تایبەت بە سیاچەمانە، گۆرانی و میوزیکی هەورامی و بە نۆتەکردنی ئاوازە دێرینەکانی هەورامی ئامادە دەکەن.

هەردوو کەسایەتی لێکۆڵەرى بوارەکە، پشتیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیرى و لاوانیان بە هەوێنی سەرکەوتنی پڕۆژەکەیان لەقەڵەم دا.

لە بەرامبەردا، حەمەى حەمەسەعید، وەزیرى ڕۆشنبیری و لاوان، پێداگری لە سەر بایەخ و رۆڵى ئەو پڕۆژەیە بۆ پاراستنی ناسنامە و رەسەنایەتی هونەرى هەورامان کرد، کە بووەتە بەشێک لە هونەر و کولتوورى جیهانیی و لە لایەن یونسکۆوە هەورامان ناسێنراوە.

لە بەشێکی دیکەى وتەکانیدا، وەزیری رۆشنبیری دەستخۆشى بۆ بیرۆکەى پڕۆژەکە و هەوڵی خەمخۆرانی بوارى پاراستنی فۆلکلۆر و ناسنامەى هونەرى کوردستان بە گشتیی و هەورامان بە تایبەتی دەربڕی.

دووپاتیشیکردەوە، وەزارەتی ڕۆشنبیری بە بایەخەوە پشتیوانی هەوڵی دڵسۆزان و خەمخۆرانی بوارى پاراستنی زمان، فەرهەنگ و کولتوورى ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەکات.