ره‌ئیسی له باره‌ی ژنانه‌وه وه‌ڵامی ماكرۆن ده‌داته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
میدیای ئێران له زاری به‌رپرسێكی باڵای وڵاته‌كه‌یانه‌وه، بڵاویكرده‌وه، له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆكی ئێران و ئیمانوێڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، ره‌ئیسی وه‌ڵامی ماكرۆنی له باره‌ی مافی ژنان داوه‌ته‌وه.
یاریده‌ده‌ری سیاسی له نووسینگه‌ی سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران، محه‌ممه‌د جه‌مشیدی، به ئاژانسی "فارس"ی راگه‌یاندووه، كۆبوونه‌وه‌ی نێوان ره‌ئیسی و ماكرۆن 90 خوله‌كی خایاندووه. نیوه‌ی كاته‌كه ته‌رخان بوو بۆ ماكرۆن و تێیدا به یه‌ك رسته باسی له مافی ژنان كرد، بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئێران بهێنێت.
وتیشی: ره‌ئیسی، له وه‌ڵامی ئه‌و رسته‌یه‌ی ماكرۆندا وتویه‌تی: دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ژنان زۆر سه‌رسوڕهێنه‌رانه پێشكه‌وتوون، ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت ئه‌و راستییانه بزانن، پێویسته سه‌ردانی ئێران بكه‌ن، بابه‌تی دووه‌میش، پرسه‌كانی ئێران په‌یوه‌ستن به ئێرانییه‌كانه‌وه، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌یه‌وێت به‌یاننامه له باره‌ی ژن له ئێران ده‌ربكات، پێویسته به‌یاننامه له باره‌ی ئه‌و توندوتیژییانه ده‌ربكات، كه پۆلیس دژی ژنان له ئه‌مه‌ریكا و خۆرئاوا كردوویه‌تی.
رۆژی دووشه‌ممه سه‌رۆكی ئێران، ئیبراهیم ره‌ئیسی به مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان گه‌یشته نیویۆرك و له‌گه‌ڵ به‌شێك له هاوتا بیانییه‌كانی دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی كرد.