سێ هاووڵاتی دیکەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژران

ئازەرییەکانی ورمێ بە دروشمی "ئازەربایجان زیندووە، پشتیوانی کوردستانە"، خۆپێشاندانیان کرد.
وێنەی سەدرەدین لێتان و دانیش رەهنەما، رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان
وێنەی سەدرەدین لێتان و دانیش رەهنەما، رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان

K24 – هەولێر

ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان بۆ سەرکۆنەکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی لە زۆربەی شارەکانی ئێران بەردەوامە و لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، سێ هاووڵاتی دیکەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا.

خۆپێشاندانەکانی رۆژی چوارشەممە (21ـی ئەیلول) لە شار و شارۆچکەکانی ئێران، توندوتیژی زیاتری بەخۆیەوە بینی و لە شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان سێ کەس بە ناوەکانی ئەمین مەعروفی (16 ساڵان) و سەدرەدین لێتان (27 ساڵان) و میلان حەقیقی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان گیانیان لەدەستدا.

هەروەها لە گوندی بالۆی ورمێ، بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکان سێ کەس برینداربوون و دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە، دانیش رەهنەما (٢٥ ساڵان) گیانی لەدەستدا.

رۆژی چوارشەممە خەڵکی زۆربەی پارێزگاکانی ئێران، هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمی پشتیوانیان بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگوتەوە، لە شاری ورمێ، ئازەرییەکانی بە دروشمی "ئازەربایجان زیندووە، پشتیوانی کوردستانە"، خۆپێشاندانیان کرد.

رۆژی 13ـی ئەیلول، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بە هۆی "رەچاونەکردنی باڵاپۆشی"، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تاران دەستگیرکرا و دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ـی مانگ لە گۆڕستانی ئایچی سەقز لە ناو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکسپێدرا.

پۆلیسی تاران، رایگەیاندووە کە ژینا بە هۆی "جەڵتەی دڵ" گیانی لەدەستداوە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەوەی رەتدەکەنەوە و باوکی ژینا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، هەموو ئەو قسانەی رەتکردەوە و گوتی، توندوتیژی بەرامبەر بە کچەکەی کراوە.

کوژرانی ژینا ئەمینی کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە. هەر لە رۆژی ناشتنی ژینا ئەمینییەوە، خۆپێشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی 19ـی ئەیلول، مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و بەشێک لە دانیشتووانی شارەکانی تاران، کەرەج و مەشهەد خۆپێشاندانیان کرد.

بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەوەتەوە، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان، زۆربەی شارە گەورەکانی ئێرانی گرتووەتەوە. 

ئەو خۆپێشاندانانە توندوتیژی لێکەوتەوە و بە پێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا 11هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و بە سەدان کەسی دیکەش برینداربوونە.