هاواری رۆژنامەنووسێک بۆ ژێرخانی وەرزشی هەولێر

رۆژنامه‌نووس ئاراس رواندزی
رۆژنامه‌نووس ئاراس رواندزی

کاتێک مرۆڤ ناوی پایتەختێک دێنێت، راستەوخۆ لە هزر و خەیاڵی خۆیەوە وێنای باشترین و جوانترین و ناوازەترین شتەکان لەو شوێنە دەکات، چونکە هەمیشە پایتەخت وەک سیما و رووی گەش و پێشکەوتنی وڵات دێتە بینین.

ئەوەی لەو نووسینەدا گەرەکمە باسی بکەم و تیشکی بخەمە سەر، فەرامۆشکردن و بێ نازی هەولێری پایتەختە، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا هۆڵێکی داخراوی وەرزشی شیاو بە یاریکردنی تێدا نییە، ئەو شارەی لە ئێستادا سەروو دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەسی تێدا دەژی و زۆرینەشیان وەرزشکار یا هۆگر و شەیدای کایەکەن.

نکۆڵی لەوە ناکەم شارەکەی قەڵاومنارە لە ماوەی بیست ساڵی رابردوو لە زۆر لایەنەوە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە گەلێ بواردا پێشەنگی شارەکانی دیکەیە، لێ ئاشکرایە هەر شۆڕشێکی ئاوەدانی کە نەتوانرا هاوتەریب هەموو سێکتەرەکان بە یەک ئەندازە برەو پێبدات، سەرەنجام فەرامۆشکراوێک وەک کانیەکی ئاو دەتەقێتەوە و بە دەرخستنی کەمووکورتیەکانی، هەموو ئەو جوانیانەی کە لە رابردوودا بنیادیشت ناوە، لێل دەکات.

لە ساڵانی بەر لە قەیرانی دارایی کە کوردستان بە گشتی لە ڕووی ئاوەدانییەوە لەسەردەمی زێڕینیدا بوو، زۆر هاوارو تکامان کرد کە شۆڕشی ئاوەدانکردنەوەی وڵات با ژێرخانی وێرانی وەرزشیش بگرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی وەرزش بێ پلان و ستراتیژ بوون و لە جیاتی بنیاتنانی یاریگا و هۆڵ و شاری وەرزشی مۆدێرن، پارەیەکی زۆریان بە یانەکان بەخشی تا یاریزانی عەرەب بێنن، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی عیراق یەکەم بن! بەو شێوەیە چەند دەسکەوتێکی کاتی بەدیهات، لێ ناوبانگ و شانازی و یاریزانی باش، بێ نەبوونی گۆڕەپانێکی شیاو بۆ یاریکردن، وەک کوردەواری دەڵێ فلسێکی سووتاو ناهێنێ!

ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە بڕیاری بنیاتنانەوەی هۆڵی زەرد دراوە، لەوساوە تا ئێستا تەنها بەردی بناغەکەی دانراوەو بە بیانووی قەیرانی دارایی کارکردن تێیدا وەستاوە، لە کاتێکدا هەر لەو ماوەیە زیاتر لەو بڕەی کە پێویستە بۆ بنیاتنانەوەی ئەو هۆڵە، بە یانەکان دراوە! ئاخر تخوا کارەسات نییە شارێکی گەورەی وەک هەولێر کە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس وەک پایتەختی وەرزشی عیراق مامەڵەی لەگەڵ کراوە، هیچ هۆڵێکی داخراوی شیاو بە یاریکردنی نەبێ؟ باشە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی وەرزشی هەرێم، چۆن شەرم داتان ناگرێ، چەند رۆژێکی کەمە بەم هۆیەوە پاڵەوانیەتی بالەی وڵاتانی عەرەبی لە پایتەختەوە بۆ شاری دهۆک گواسترایەوە!

لە ئێستادا بەهۆی باشتربوونی دۆخی دارایی، هەست بە گەڕێکی دیکە ئاوەدانی و بووژاندنەوە دەکرێ، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە وەرزشکارانی پایتەخت بە پاڵپشتی هێزی میدیا، فشارەکانیان بۆ سەر بەرپرسانی وەرزش و حکومەت چڕ بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا بودجەی پێویست بۆ بنیاتنانەوەی هۆڵی زەرد تەرخانبکرێت، ناکرێ لە هەموو لایەکەوە پڕۆژە ببینین، کەچی وەرزش و ژێرخانە وێرانەکەی لێیەوە بێ بەشبێت، بۆیە خوازیارم پەیام و خەمی وەرزشکارانی پایتەخت بە سەرۆکی حکومەت بگەیەنرێت، چونکە دڵنیام بەرپرسانی وەرزشیمان، لە جیاتی نیشاندانی ژێرخانی وێران و کەموکوڕی و پێداویستیەکانی کایەکە، تابلۆیەکی ئەفسووناویان بۆ بەڕێزیان نەخشاندووە.

نووسین: ئاراس رواندزی