لە 450 شار و شارۆچکەی باکووری کوردستان خۆپیشاندان دەکرێت

K24 – هەولێر

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە 51 شار و 400 شارۆچکەی باکووری کوردستان، چالاکی بۆ ئیدانەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی بەڕێوە دەبات.

ئەنجوومەنی ژنانی سەر بە (هەدەپە) بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، بڕیارە ئەمڕۆ (پێنجشەممە 22ـی ئەیلول) لە 51 شار و 400 شارۆچکەی باکووری کوردستان و تورکیا چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەببات.

رۆژی چوارشەممە (21ـی ئەیلول) ناوەندی راگەیاندنی هەدەپە دووپاتیکردبووەوە کە ئامادەکاری تەواوی بۆ ئەو چالاکیانە کراوە.

رۆژبەرۆژ کاردانەوەکان بەرامبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران فراوانتر دەبێت.

بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەوەتەوە، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان، سەرووی 80 شار و شارۆچکەی ئێرانی گرتووەتەوە. 

ئەو خۆپیشاندانانە توندوتیژی لێکەوتەوە و بە پێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا 11هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و بە سەدان کەسی دیکەش برینداربوونە.

رۆژی 13ـی ئەیلول، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بە هۆی "رەچاونەکردنی باڵاپۆشی"، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تاران دەستگیرکرا و دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ـی مانگ لە گۆڕستانی ئایچی سەقز لە ناو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکسپێدرا.

پۆلیسی تاران، رایگەیاندووە کە ژینا بە هۆی "جەڵتەی دڵ" گیانی لەدەستداوە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەوەی رەتدەکەنەوە و باوکی ژینا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، هەموو ئەو قسانەی رەتکردەوە و گوتی، توندوتیژی بەرامبەر بە کچەکەی کراوە.

کوژرانی ژینا ئەمینی کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە. هەر لە رۆژی ناشتنی ژینا ئەمینییەوە، خۆپێشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی 19ـی ئەیلول، مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و بەشێک لە شارە گەورەکانی ئێرانیشی گرتەوە.