نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ یەمەن: دەمانەوێت ئێران پێدانی چەك بە حوسییەکان رابگرێت

"دەمانەوێت ئێران رۆڵێکی بنیاتنەری هەبێت"
تیم لیندەرکینگ، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ یەمەن
تیم لیندەرکینگ، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ یەمەن

K24 - هەولێر:

تیم لیندەرکینگ، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ یەمەن بە کوردستان24ـی راگەیاند، باشترین چارەسەر بۆ یەمەن، ئەو پرۆسەیەیە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و ئەنجامی ئەرێنی بەدوای خۆیدا هێناوە.

تیم لیندەرکینگ لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەشدا، "لە دووی نیسانەوە ئاگربەست راگەیندراوە لە یەمەن، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام لە هەوڵداین ماوەی ئەم ئاگربەستە لە دووی ئۆکتۆبەرەوە درێژ بکرێتەوە، ئەم هەوڵانە سوودێکی بەرچاوی بۆ خەڵکی یەمەن هەبووە، سوتەمەنی لە بازاڕەکانی یەمەن زیادکردووە.

سەبارەت بە سوودێکی دیکەی ئاگربەست لە یەمەن، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا گوتی: بۆ یەکەمجارە لە دوای 2016 خەڵکی یەمەن توانیویانە لەڕێگەی گەشتی بازرگانییەوە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن.

تیم لیندەرکینگ دەڵێت، "دەمانەوێت مووچە بۆ کارمەندانی مەدەنی وڵاتەکە، وەکو مامۆستا و پەرستار دابین بکەین، ئەگەر ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە ئەم ئامانجانە بەدەست دەهێنین، منیش دڵنیام ئەم پڕۆسەیە بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەتوانێت ئەم ئامانجانە بەدیبهێنێت.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ یەمەن باسی لەوەکرد، کارتێکەرە هەرێمییەکان زۆر گرنگن، شانشینی سعوودیە، سەڵتەنەتی عومان، ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو، هەروەها پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش زۆر گرنگن، دەمانەوێت ئێران رۆڵێکی بنیاتنەری هەبێت هەروەها پێدانی چەك لەڕێگەی قاچاخەوە بە حوسییەکان رابگرێت.