باڵیۆزی ئۆکرانیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان: ریفراندۆمەکە نایاساییە و نیشانەی بێئومێدی رووسیایە

"رووسیا لە مەیدانی شەڕدا شکستی خواردووە و دەیەوێت ریفراندۆمێکی نایاسایی ئەنجامبدات"
سێرگی کیسلیستا، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان
سێرگی کیسلیستا، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان

K24 - هەولێر:

سێرگی کیسلیستا، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان ریفراندۆمی دۆنباسی بە نایاسایی ناوبرد و باسی لەوەشکرد، "ئەنجامەکەی جگە لە کۆریای باکور و نیکاراگوا لەلایەن هیچ وڵاتێکی دیکەوە دانی پێدانانرێت".

باڵیۆزی ئۆکرانیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئاستی ناسەقامگیری و خراپی دۆخی ئاسایش لە جیهاندا بەهۆی رووسیاوە هاوشێوەی نەبووە، ئەم دۆخە تەنیا دەتواندرێ بە دۆخی سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی بەراورد بکرێت، بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت گرنگی بە راگرتنی جەنگەکە بدات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، جەنگەکە بە شکاندنی سوپای رووسیا لە خاکی ئۆکرانیا کۆتایی نایەت، بەڵکو ئەو هۆکارە سەرەکییانە، کە وایکردووە رووسیا داگیرکاری بکات دەبێت لەناوببرێن.

سەبارەت بەو وڵاتانەی هاوکاری و پاڵپشتی ئۆکرانیا دەکەن، سێرگی کیسلیستا گوتی، "لە هەموو لێدوانەکانی ئۆکرانیا ئێمە هاودەنگییەکانمان بەرز نرخاندووە، بۆ ئەوەی کۆتایی بە داگیرکارییەکە بێنین ئێمە داوا لە هاوڕێیان و هاوپەیمانانمان دەکەین چەک و کەرەستەی سەربازیمان پێبدەن، ئێمە داوا دەکەین تا رووسیا لە خاکی ئۆکرانیا بێت سزاکانی سەر رووسیا بەردەوامبن، هەروەها رووسیا دەبێ قەرەبووی ئەو زیانانە بکات کە بە ئۆکرانیای گەیاندووە.

باڵیۆزی ئۆکرانیا ریفراندۆمی هەرێمی دۆنباسی بە نایاسایی ناوبرد و بە "نیشانەی بێئومێدی رووسیای" زانی، باسی لەوەشکرد، "رووسیا لە مەیدانی شەڕدا شکستی خواردووە و دەیەوێت ریفراندۆمێکی نایاسایی ئەنجامبدات، کە ئەنجامەکەی جگە لە کۆریای باکور و نیکاراگوا لەلایەن هیچ وڵاتێکی دیکەوە دانی پێدانانرێت".