دوائاماری قوربانیانی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان؛ 22 کوژراو و 733 بریندار

K24 – هەولێر

لە یەکەم رۆژی خۆپێشاندانەکانی کە رۆژهەڵاتی کوردستان، تا ئێستا 22 کەس کە تا ئێستا ناوی 15 کەسیان ئاشکرابووە، گیانیان لەدەستداوە و 733 کەسی دیکەش برینداربوونە.

خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دەیان شاری ئێران و بەتایبەت شارە گەورەکان بەردەوامە و ژمارەی قوربانیان لە کوردستان لە زیادبوون دایە.  

ناڕەزایەتییەکان پاش ئەوە سەریان هەڵدا کە دوابەدوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە لایەن پۆلیسی تارانەوە، ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران داوای لە هاووڵاتیان کرد، رۆژی دووشەممە (19ـی ئەیلول) مانگرتنی گشتی بەڕێوەببەن و نەچنەوە سەر کارەکانیان.

دوابەدوای ئەم بانگەوازە رۆژی دووشەممە، لە 24 شاری رۆژهەڵات مانگرتن بەڕێوە چوو. ئێوارەی ئەو رۆژە لە 13 شار خۆپێشاندان کرا و لە ئەنجامی سەرکوتی هێزە ئەمنییەکانەوە لە 12 شار خۆپێشاندانەکان بەرەو توندوتیژی چوون.

رۆژی دواتریش خۆپێشاندانەکان لە 14 شاری رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوون و لە هەشت شار هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خەڵک کرد.

لەسەر بانگەوازی چالاکان و رێکخراوە مەدەنییەکان، خۆپێشاندانەکان لە ئێوارەی چوارشەممەش لە 14 شار بەردەوام بوون و لە 12 شار هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی خەڵک بوونەوە.

 لە ئەنجامی ئەم چەند رۆژ خۆپێشاندانەدا تا ئێستا لانی کەم 22 کەس کە ناو و شوناسی 15 کەسیان ئاشکرا بووە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.  هەر لەو ماوەیەدا لانی کەم 733 کەس بریندار بوون و نزیک هەزار کەسیش دەستبەسەر کراون.