هونەرمەندێکی کورد به‌ دوو تابلۆ به‌شداری له‌ پێشانگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی شێوه‌كاریدا كرد

"پێشانگایەکی نێودەوڵەتی بە بەشداری ١٠٠ شێوەکار لە لوبنان کرایەوە"
ئاریان لەتیف، هونەرمەندی شێوەکار
ئاریان لەتیف، هونەرمەندی شێوەکار

K24 - سلێمانی:

پێشانگایەکی نێودەوڵەتی بە بەشداری ١٠٠ شێوەکار لە لوبنان کرایەوە و هونەرمەندێکی کورد بە دوو تابلۆ بەشداری تێیدا كرد.

ئاریان لەتیف، هونەرمەندی شێوەکار بە کوردستان٢٤ راگەیاند، پێشانگاکە لە 18ـی ئەیلوولی 2022، لە هۆڵی یونیسکۆ پاڵاس کراوەتەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو پێشانگایە ١٠٠ هونەرمەندی شێوەکار لە تەواوی وڵاتانی جیهانەوە بەشداربوون ئەویش وەک هونەرمەندێکی کورد بە دوو تابلۆ بەشداریکردووە.

پێشانگاکە سێ ڕێکخراوی جیهانی سەرپەرشتی ئەکەن کە لقیان هەیە لە زۆربەی وڵاتە ئەوروپیەکان و ساڵانە کۆمەڵێک چالاکی هونەری ئەنجام ئەدەن و خۆیان هونەرمەندەکان دیاری ئەکەن و بانگهێشتیان دەکەن.

ئاریان لەتیف ئەحمەد هونەرمەندی شێوەکار، دانیشتووی شاری سلێمانی و دەرچووی بەشی تیشکە لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی.

سەرەتای کاری هونەری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، لە ١٧ پێشانگای هاوبەش و پێنج  پێشەنگای نێودەوڵەتی لە وڵاتانی تورکیا و یۆنان و کۆریای باشوور و لوبنان بەشداریکردووە.