دادگای فیدراڵی پێکهێنانی INOCـی و راسپاردنی ئیحسان عەبدولجەباری وەک بەڕێوەبەر رەتکردەوە

دادگاای باڵای فیدراڵی
دادگاای باڵای فیدراڵی

K24 - هه‌ولێر:

دادگای فیدراڵی عێراق هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق و راسپاردنی ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی ئێستای بۆ بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکە رەتکردەوە.

بە گوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، هەردوو بڕگەی 2 و 3ـی بڕیارەی ژمارە 109ـی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ساڵی 2020 و بڕیاری 211ـی ساڵی 2021 هەڵوەشێندرانەوە، کە تایبەت بوون بە هەنگاوەکانی دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی و راسپاردنی ئیحسان عەبدولجەبار وەک بەڕێوبەری کۆمپانیاکە.

ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق هاوکاتە لەگەڵ هەڵدانەوەی پەڕاوی گەندەڵی لەسەر وەزیری نەوتی عێراق لەلایەن لیژنە دەستپاکی پەرلەمانی عێراقەوە.

لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو، ئەندامێکی لیژنەی دارایی رایگەیاند، چەندین دۆسیەی گەندەڵی گەورە و مەترسیدار لەسەر وەزیری نەوت ئاشکرا بووە، بۆیە بانگهێشتی پەرلەمانی دەکەن و لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەنجام دەدەن.

هاوکات عەلی فازڵ راگەیەندکار کە چەندین دەنگی تۆمارکراوی نووری مالیکی سەرکردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی قانوونی بڵاوکردەوە،ئاشکرای کرد، 36 دۆسیەی گەندەڵی لەسەر ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوت تۆمارکراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئیحسان عەبدولجەبار سەرەڕای ئەوەی وەزیری نەوتە، وەزارەتی داراییش بە وەکالەت بەڕێوەدەبات،، هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی وزاریش بۆ کاروباری ئابووری (کە ئەنجوومەنێکی وەزیرانی بچووککراوەیە و بڕیاری پەیوەست بە دارایی پڕۆژەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی دەردەکات)، لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی ویزاری بۆ وزە ( ئەنجوومەنێکی وەزیرانی بچووککراوەیە پەیوەستە بە کاروباری وزە و نەوت و گاز و کارەبا)، لەگەڵ پۆستی سەرۆکی کۆمپانیای نەوت.