حكومهتی ههرێمی كوردستان: ئەو ئاوەی كە لە ماڵان بەفیڕۆ دەچێت، جارێكی دیكە خاوێندەكرێتەوە

K24 – ههولێر:
پڕۆژەی ئاوی قورسی هەولێر بە درێژیی 75 كیلۆمەتر بە سێ قۆناغ جێبەجێدەكرێت.
به گوێرهی زانیارییهكانی ماڵپهڕی فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكومهتی ههرێمی كوردستان، بە گوژمەی 300 ملیۆن دۆلار، پڕۆژەی ئاوی قورسی هەولێر جێبەجێدەكرێت، كە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی شاری ھەولێر و بە سێ قۆناغ تەواودەبێت.
ئاماژه بهوهش كراوه، ئەو ئاوەی كە لە ماڵان بەفیڕۆ دەچێت، جارێكی دیكە خاوێندەكرێتەوە و بۆ پارك و باخچەكان بەكار دەهێندرێت و ئاوەڕۆكانیش بە شێوەیەكی سەردەمی دروستدەكرێن و سوودێكی زۆری دەبێت.
گوژمەی پرۆژەكە 300 ملیۆن دۆلارە و لەسەر قەرزی وڵاتی ژاپۆنە، سەرەتا یەك لەسەر ھەشتی جێبەجێدەكرێت، كە 75 كیلۆمەتر ئاوەڕۆیە و یەك لەسەر ھەشتی وێستگەی خاوێنكردنەوەی ئاوەكەیە كە پێی دەگوترێت پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر.
پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ تەواو دەبێت و ئێستا تەنیا پارە بۆ قۆناغی یەكەم دابینكراوە و تەنیا ماوە دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت، قۆناغی دووەمیش 400 كیلۆمەتر ئاوەڕۆیە، لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەدا ژمارەیەک هەلی کار بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێت.