ئیبراهیم ره‌ئیسی: دۆسییەی ژینا ئەمینی هێشتا لە لێکۆڵینەوەدایە

ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئێران
ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئێران

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆککۆماری ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت،  دۆسییەی ژینا ئەمینی هێشتا لە لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوایی بە دووڕوویی مامەڵە لەگەڵ پرسەکە دەکەن.

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، له‌ میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی له‌ نیویۆرك رایگه‌یاند، رووداوێک لە ئێران روویداوە کە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، ئەگەر کەمتەرخەمییەک یان هەڵەیەک روویدابێت، بێگومان لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.

هه‌روه‌ها گوتی:  "ئەگەر لەدەرەوە باسی بکەن یان نەیکەن، ئەوە ئەرکی کۆماری ئیسلامی ئێرانە مافی هاووڵاتیانی بپارێزێت، بەڵام هەر لەو ئەمه‌ریکایە چەند کەس لەلایەن پۆلیس کوژراون، ئایا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە".

ده‌شڵێت:  "هاوکات لەبەریتانیا لە ماوه‌ی 28 ‌هەفتەدا زیاتر لە 80 ژن گیانیان لەدەستداوە، ئایا لێکۆلینەوە لەسەر هۆکار و کەمتەرخەمییەکان کرا".

ره‌ئیسی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ نابێ بە دوو ڕوویی مامەڵە لەگەڵ پرسی مافەکانی مرۆڤ بکرێت، ئەو رووداوەش لە ئێران هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، تەنیا پزیشکی داد قسەی خۆی کردووە و دواتر ئەوە دەسەڵاتی دادوەرییە دوا راپۆرتی خۆی بڵاودەکاتەوە.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانیش زۆر ئاساییە کە هاووڵاتیان ناڕەزایی لەسەر بڕیارێک دەرببڕن، بەڵام ئاژاوەگێڕی و تێکدانی موڵکی گشتی جیاوازە.