لە هەولێر خۆپێشاندان بۆ پشتیوانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو

خۆپێشاندەران لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان
خۆپێشاندەران لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان

K24 – هەولێر

چالاکڤانانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، لە شاری هەولێر چوونە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان و پاڵپشتی خۆیان بۆ مافی رەوای گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەربرێ.

رۆژی شەممە (24ـی ئەیلول) سەدان چالاکڤانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان، خۆپێشاندانیان کرد.

خۆپێشاندانەکە بۆ پشتگیری بوو لە مافی کورد و بەتایبەت ژنی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و یادداشتێکی ناڕەزاییش ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکان کرا.

کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە.

لە ئاستی ناوخۆ، خەڵکی زیاتر لە 100 شار و شارۆچکەی ئێران رژانە سەر شەقامەکان و تا ئێوارەی رۆژی هەینی (23ـی ئەیلول) بەردەوامبوو. خۆپێشاندانەکان گرژیان لێکەوتەوە و تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردووەتەوە کە تا ئێستا 35 کەس گیانیان لەدەستداوە.

زۆربەی هونەرمەندانی ناوداری ئێرانی لەوانە (مێهران مودیری) و یاریزانی ناوداری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەو وڵاتە (عەلی کەریمی) پشتگیریان لە داوای ژنان بۆ نەهێشتنی باڵاپۆشی زۆرەملێ کردووە.

.