کوردستان یادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەکاتەوە

چالاکییەکی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان - ئەرشیف
چالاکییەکی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان - ئەرشیف

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ پێنجەمین ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە، بڕیارە لەو یادەدا ئەمڕۆ چەندین چالاکی جۆراوجۆر لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچن.

لە 7ی حوزەیرانی 2017 لە سەڵاحەدین نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و جێگری سەرۆكی هەرێمی ئەوكات و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان، بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم درا و ئەنجومەنی باڵای پێکهێنرا، ئەو لایەنانەی بەشداربوون لە ئەنجومەن بریتی بوون لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، حزبی زەحمەتکێشان، حزبی شیوعی، حزبی سۆسیالیست، پێکهاتەکان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا رۆژی 25ى ئەیلوولی 2017، وەك رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاریكرا و سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە پێكھاتەكانیشەوە رەزامەندییان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم دەربڕی.

 10 رۆژ پێش ئەنجامدانی لە 15/9/2017، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی پەسند کرد. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد.

بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم قۆناغێكی دیكەی گرنگی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بوو، بە تایبەت كە سەرجەم لایەنەكان پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ پڕۆسەی ریفراندۆم  دووپاتكردەوە و بەڵێنیاندا هەموو تواناكانیان بۆ سەرخستنی ریفراندۆم بخەنەگەڕ.

گرنگی زیاتری بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لەوەدا دەركەوت، كە نەوەك تەنیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، بەڵكو پرۆسەكە ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش بگرێتەوە، بڕیارەكەش پشت به‌ستوو بوو به‌ بنه‌ماكانی مافی چاره‌ی خۆنووسین، كه‌ مافێكی دانپێنراوه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، و به‌و پێیه‌ی گه‌لی كوردستان خاوه‌ن هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی خۆیه‌تی له‌رووی خاك، زمان، كولتوور، مێژوو و شوناس، و گشت بنه‌ماكانی پێناساندنی وه‌كو گه‌لێك ھەیە، بۆیه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان مافی هه‌یه‌ بڕیار بدات له‌سه‌ر چاره‌نووس و داهاتووی خۆی.

لە 25/9/2017، ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بەڕێوەچوو، تێیدا 4 ملیۆن و 561 هەزار و 255 کەس لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان مافی دەنگدانیان لە ریفراندۆم هەبوو، 3 ملیۆن و 305 هەزار و 925 کەس بەشداریان لەو راپرسیەدا کرد، کە دەکاتە زیاتر لە 72%، لە ریفراندۆم 2 ملیۆن و 861 هەزار و 471 کەس بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا کە دەکاتە زیاتر لە 92%.

بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم مافێکی یاسایی گه‌لی كوردستان بوو، بە تایبەت كە هه‌ر له‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق خه‌باتی كردووه‌ بۆ چه‌سپاندنی مافه‌كانی و بۆ پێكه‌وه‌ژیانێكی ئاشتیيانه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لانی دیكەی عێراق و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجامی خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان، چه‌ندین به‌ڵێن و به‌ڵگه‌نامه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقه‌وه‌ پێشكه‌شكراون. به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا هه‌موویان پێشێلكراون و پشتگوێخراون و وه‌ڵامی داواكارییه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌ ره‌واكان به‌ ئاگر و ئاسن دراونه‌ته‌وه‌، و گه‌لی كورد تووشی نه‌هامه‌تی زۆر هاتووه‌ وه‌ك جینۆسایدكردن له‌ژێر ناوی ئه‌نفال و راگواستن و نیشته‌جێكردنی زۆره‌ملێ‌، خاپووركردنی گوند و ئاواییه‌كان و ژێرخانی ئابووری، و به‌كارهێنانی گازی ژه‌هراوی قه‌ده‌غه‌كراو له‌ دژی خه‌ڵكی سیڤیل، لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017، جارێکی دیکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق هێرشکرایە سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، جگە لە شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە و هاووڵاتی، ماڵ و خانووی بەشێک لە هاووڵاتییانی کورد داگیرکران و سوتێندران، بەشێکی زۆریش لە خەڵکی ئەو ناوچانە ئاوارەی شارەکانی دیکەی کوردستان بوون.