بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سێناتی ئیتاڵیا کرانەوە

کێ دەبێتە براوەی هەڵبژاردنەکانی ئیتاڵیا؟
شوێنه‌وارێكی ئیتاڵیا
شوێنه‌وارێكی ئیتاڵیا

K24 - هەولێر:

بە گوێرەی پێشبینییەکان، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمان و سێناتی ئیتاڵیادا، ئەگەرێكی بەهێز هەیە کە پارتە راستڕەوەکان براوەبن، ئەمەش دەبێتە یەکەمجار لە دوای جەنگی دوومی جیهانییەوە کە پارتێکی راستڕەو ببێتە براوەی هەڵبژاردنەکان.

نزیکەی 51 ملیۆن کەس لەم هەڵبژاردنەدا مافی دەنگدانیان هەیە کە 400 نوێنەر بۆ پەرلەمان و  200 سێناتۆر هەڵدەبژێردرێن.

نیگەرانییەکی زۆر هەیە لەوەی لەگەڵ سەرکەوتنی بەرەی راستڕەو، ئیتاڵیا پشتگیری لە رووسیا بکات.

پارتی برایانی ئیتاڵیا کە پارتێکی راستڕەوە، رەنگە ببێتە براوەی ئەم هەڵبژاردنە. جۆرجا مێلۆنیش کاندیدی ئەم پارتەیە بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت.

ئەگەر ئەم پارتە هەڵبژاردنەکان بباتەوە، ئەوە دەبێتە یەکەمجار لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە کە پارتێکی راستڕەو دێتە سەر حوکم. هاوکات لەگەڵ قەیرانی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ئەم گۆڕانکارییە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئیتاڵیا رەنگە بە مانای نزیکبوونەوەی هەڵوێستی رووسیا و ئیتاڵیا بێت لە زۆر بواردا.

هەفتەی رابردوو باڵیۆزخانەی رووسیا لە ئیتاڵیا وێنەکانی سەرۆکی رووسیا و سەرکردەکانی پێشووی ئیتاڵیای لەسەر تویتەر بڵاوکردەوە و نووسی "بیرەوەریمان لەسەر مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئیتاڵیا هەیە".

وێنەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیاش سیلڤیۆ بێرلێسکۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن بڵاوکرایەوە. کەسێک کە رەنگە مێلۆنی لەکاتی دەرچوونی وەک سەرۆکوەزیران پشتی پێ ببەستێت چونکە پارتی راستڕەو ئەزموونی لە حوکمڕانیدا نییە.

مێلۆنی خۆیشی یەکێک لەو کەسایەتییانە بوو کە لە کاتی دەستنیشانکردنی پوتن وەک سەرۆکی رووسیا بۆ جاری چوارەم پیرۆزبایی لێکرد.

بەگوێرەی پێکهاتەی پارتەکانی ئێتاڵیاش هیچ کامێکیان ناتوانێت بە تەنیا حوکمەت پێکبهێنێت و، رەنگە پرۆسەکە وەک پێکهێنانی حکومەتی سوید کە تێیدا راستڕەوەکان براوە بوون، درێژە بکێشێت.

بەپێی شرۆڤەکانیش، رەوتی راستڕەو لە سەرانسەری ئەوروپا و جیهانیش بە گشتی لە پەرەسەندن دایە. لە سویدیش پارتە راستڕەوەکان لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەم دواییەدا براوە بوون.

هەرچەندە بەگشتی راستڕەوەکان بە سیاسەتەکانی دژی کۆچبەری ناویان دەرکردووە بەڵام زۆر ئاکاری دیکەی هاوشێوەیان هەیە کە سەرەڕای جیاوازییەکانی هەر وڵاتێک رەنگە ببنە هۆی هاوشێوەبوونی هەڵوێستەکانیان.