تەماشاکردنی یاری تۆپی پێ دیپلۆماتکارێکی عێراقی دەخاتە بەردەم لێپرسینەوە

لە کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان تەماشای یاری تۆپی پێی کردووە
وێنەی کارمەندە دیپلۆماسییەکە
وێنەی کارمەندە دیپلۆماسییەکە

K24 - هەولێر:

دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی دیپلۆماتکارێکی عێراقی کە لە کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەرکەوتبوو تەماشای یاری تۆپی پێ دەکات، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، کە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەن و رێکاری یاسایی لەدژی دەگرنەبەر.

لە وێنەکەدا دیپلۆماتکارە عێراقییەکە لە رێگەی لاپتۆپەکەیەوە تەماشای یاری تۆپی پێ دەکات، بەڵام ناسنامەی ئاشکرا نەبووە.

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ وێنەی کارمەندە دیپلۆماسییەکە دەکەین کە لە کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بە شتێکی لاوەکییەوە سەرقاڵبووە، هەروەها رێوشوێنی گونجاو  لەدژی دەگرینەبەر.

هەر لەسەر ئاستی دیپلۆماسی عێراق، رۆژی 20ـی ئەیلوول، حەیدەر عەزاری بە فەرمی لە پۆستی باڵیۆزی عێراق لە ئوردن دوورخرایه‌وه‌ و گەڕێندرایەوە ناوەندی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەغدا، ئەمەش دوای ئەوە هات کە رۆژی 19ـی ئابی 2022 چەند وێنەیەکی خۆی و خێزانەکەی لەگەڵ گۆرانیبێژی بەناوبانگی لوبنانی راغیب عەلامە، بڵاوبوویەوە.