وەزارەتی دەرەوەی ئێران: بەریتانیا دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵاتمان وەردەدات

K24 – هەولێر

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، باڵیۆزی بەریتانیای لە تاران بانگهێشت کرد و دووپاتیکردەوە کە کاری چەند میدیایەکی فارسی لە لەندەن، "بە واتای دەستێوەردانی بەریتانیا لە کاروباری ناوخۆی ئێران دێت".

بە گوێرەی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، رۆژی 24ـی ئەیلول، باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران، لەلایەن بەشی رۆژئاوای ئەوروپای وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بانگهێشت کراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران گلەیی چالاکیی چەند کەناڵێکی میدیایی فارسی لە لەندەن، بە باڵیۆزی بەریتانیا گەیاندووە.

ئێران، پێیوایە ئەو کەناڵە تەلەڤزیۆنیانە، دەستیان لە فراوانبوونی خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئەو وڵاتەدا هەبووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە باڵیۆزی بەریتانیای گوتووە، "ئەمە بە واتای دەستوەردان لە کارباری ناوخۆی ئێران و دژی سەروەی وڵاتەکەمانە".

کوژانی ژینا ئەمینی لە 16ـی ئەیلولدا، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە.

دوای بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان و مانگرتن لە شارەکانی کوردستان بە مەبەستی سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی، خەڵکی شارەکانی دیکەی ئێرانیش هاتنە سەر شەقامەکان و ئەو تاوانەیان سەرکۆنەکرد.

ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکان زیاتر لە 100 شار و شارۆچکەی ئێرانی گرتەوە و بوو بە رۆژەڤی میدیا جیهانییەکان. چەند کەناڵێکی فارسی زمانیش کە لە دەرەوەی ئێرانن، بە بەردەوامی ئەو رووداوانە دەگوازنەوە.