میری قه‌ته‌ر: پێویسته رێككه‌وتنی ناووكی زیندوو بكرێته‌وه

K24 – هه‌ولێر:
میری قه‌ته‌ر، شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئالسانی و راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، ئولاف شۆڵتس له ده‌وحه كۆبوونه‌وه و هه‌ردوولا رێككه‌وتن پشتیوانی هه‌وڵه‌كانی زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ناووكی ئێران بكه‌ن.
له‌و باره‌یه‌وه، میری قه‌ته‌ر گوتی: له‌گه‌ڵ راوێژكاری ئه‌ڵمانیا رێككه‌وتین كار بكه‌ین بۆ پشتیوانیكردنی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له ئارادان له پێناو گه‌یشتن به رێككه‌وتن و زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ناووكی.
گوتیشی: رێككه‌وتنی ناووكی ده‌بێته هۆی سه‌قامگیری ئاسایش و ئۆقره‌یی ناوچه‌كه و ده‌رفه‌تی زیاتر له نێوان وڵاتان ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ هێنانه‌دی سه‌قامگیری زیاتری هه‌رێمایه‌تی.
له میانی گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، میری قه‌ته‌ر باسی له‌وه‌شكرد، له كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ راوێژكاری ئه‌ڵمانیا جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه، كه پێویسته ناكۆكییه ناوچه‌یی و هه‌رێمایه‌تییه‌كان به گفتوگۆ و له‌یه‌ك تێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێن.
راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، به مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی بڕێكی زۆرتر له غاز و گازوایل سه‌ردانی وڵاتانی كه‌نداو له‌وانه سعوودییه و ئیمارات و قه‌ته‌ری كرد.
به هۆی ئه‌و سزایانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پاندوویانه، وڵاتانی ئه‌وروپا رووبه‌ڕووی كێشه‌ی كورتهێنانی وزه بوونه‌ته‌وه.
تا ئێستا جێگره‌وه‌كانی رووسیا بۆ دابینكردنی سووته‌مه‌نی و گاز بۆ ئه‌وروپا نه‌یانتوانیوه پێداویستی ئه‌وروپا له سووته‌مه‌نی و غاز به ته‌واوی دابین بكه‌ن.
رێككه‌وتنی ناووكی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك له ته‌مموزی 2015 واژوو كرا و له 2018دا ئه‌مه‌ریكا له سه‌رده‌می ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ پاشه‌كشه‌ی لێ‌كرد و ئێستا ئه‌مه‌ریكا له هه‌وڵی نوێكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌دایه.