وەزارەتی ئەوقاف: لە هەندێک شوێن و ماڵ قورئانی پیرۆز بۆ مەبەستی کەسی و سیاسی بەکارھێنراوە

"بەرپرسیاریەتی وەزارەتمانە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی ئەم بابەتە بەشێوەیەکی یاسایی و شەرعی رێکبخەین"
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی

K24 - هەولێر

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی گوتنەوەی قورئان و وانەی ئایینی دەڵێت: "لە ماوەی رابردوو لە ھەندێک شوێن و ماڵان و جێگەی نافەرمی کەسی نەشارەزا لەژێر گوتنەوەی قورئانی پیرۆز و وانەی ئایینی ئەم بابەتە پیرۆزەیان بۆ مەبەستی کەسی و سیاسی بەکار ھێناوە".

روونکردنەوەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی یاسایی وەزارەتی ئەوقاف نووسراوە و دەربارەی نووسراوێکی وەزارەتەکەیان چەند خاڵێکیان خستووەتەڕوو تێیدا هاتووە: "وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەپێی یاسای ژمارە یازدەی ساڵی 2007 بەرپرسە لە چالاکییە ئاینییەکان بەشێوەیەکی گشتی لە ھەرێمی کوردستان، لە ھەمانکاتدا لە دیوانی وەزارەت بەشێکی تایبەت بە فێرکردن و لە بەرکردنی قورئانی پیرۆز ھەیە،  کە تیایدا زیاتر لە 100 بنکە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بونیان هەیە و هەروەها 136 حوجرەو 21 قوتابخانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە بەڕێوەبەریەتی خوێندن مۆڵەت پێدراون، ئەمە وێرای کردنەوەی (525) خولی فێربوونی قورئانی پیرۆز و ھەروەھا کردنەوەی خولی پەرەپێدان بۆ  (3000) مامۆستایای بەرێزی ئایینی لە پارێزگاکانی ھەرێم و ئیدارە سەربەخۆکان لە ساڵی 2022، ئەمانە بە ھەموو پشتیوانیەکی وەزارەت کارەکانیان بەرێوەدەبەن و خاوەنی ھەزاران دەرچوون".

لە خاڵێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا وەزارەتی ئەوقاف جەختدەکاتەوە: "بۆ ھەرچالاکیەکی ئایینی وەزارەت پێویستە (رەزامەندی بدرێت) ئەمە بە واتای ئەوەی دێ ئەم خولانەی دەکرێنەوە، بەشێوەی کرداری سەلمێنەربێت کە خزمەتە بە پەروەردەی ئایینی و خەڵکانی شارەزاو ئەکادیمی وانەکان دەڵێنەوە، چونکە خوێندنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ئایینەکانی دیکە ئەمانەتێکی گەورەیە لە ئەستووی وەزاروتمان وەک لایەنی رێپێدراوی یاسایی. ئەم نووسراوە پەیوەندی بە چالاکی ئەو رێکخراوانە نییە کە لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان و  بەپێی رێنماییەکان مۆڵەتی کارکردنیان  ھەیە".

وەزارەتی ئەوقاف دەشڵێت: "لە ماوەی رابردوو لە ھەندێک شوێن و ماڵان  و جێگەی نافەرمی کەسی نەشارەزا لەژێر گوتنەوەی قورئانی پیرۆز و وانەی ئایینی، ئەم بابەتە پیرۆزەیان بۆ مەبەستی کەسی و سیاسی بەکار ھێناوە، ئەمەش بەرپرسیاریەتی وەزارەتمانە وەک لایەنی پەیوەندیدار کە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی ئەم بابەتە  بەشێوەیەکی یاسایی و شەرعی رێکبخەین".

لە خاڵێکی دیکەی روونکردنەوەکە ئەوەخراوەتەڕوو:  "وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەمیشە ھانی ھەموو جۆرە خزمەتێکی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەدات، لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکاندا، ھەوڵیشیداوە سفرەیەکی کوردستانی بێ بۆ کۆکردنەوەی ھەمووان ھەماھەنگی نێوان چالاکییەکان لەپێناو خزمەتێکی باشتر بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و نەتەوەکەمان".