نۆیەم رۆژی خۆپێشاندانەکانی ئێران؛ بەردەوامیی ناڕەزایەتی و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان

خۆپێشاندان لە چەندین شاری گەورەی ئێران بەردەوامە
خۆپێشاندان لە تاران
خۆپێشاندان لە تاران

K24 – هەولێر

لە نۆیەم رۆژی دەربڕینی ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران بەرامبەر بە کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی تارانەوە، جارێکی دیکە بەشێک لە دانیشتووانی شارە گەورەکان رژانە سەر شەقامەکان. هاوکات لە چەندین وڵات خۆپێشاندان بۆ پشتگیری لە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران، کرا.

بە پێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، رۆژی 25ـی ئەیلول، خۆپێشاندان کە چەندین شاری وەکو تاران، کەرەج، سنە، بوشێهر، شیراز، لاهیجان و تەورێز بەردەوام بووە. خۆپێشاندەران دروشمی دژ بە حکومەتیان دەدا و لە هەندی شوێنیش ژنان لەچکی خۆیان دەسووتاند.

رۆژی یەکشەممە (25ـی ئەیلول) هەزاران ئێرانی لە باکووری کالیفۆرنیا، وێنەکانی (ژینا ئەمینی)ـیان بەرزکردەوە و بە گوتنەوەی دروشمەکانی وەکو "ژن، ژیان، ئازادی"، "کۆماری ئیسلامیمان ناوێ" و "ئێمە هەموومان مەهساین"، پشتگیریان لە خۆپێشاندانەکانی ناو ئێران کرد.

.

لە رۆژانی رابردوودا، ئێرانیانی دانیشتووی ئەمەریکا لە شارەکانی واشنتن، نیویۆرک و شیکاگۆ خۆپێشاندانیان کردووە. ئەو رەوتی ناڕەزایەتی دەربڕینە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەردەوام بووە.

هەروەها ژمارەیەک لە دانیشتووانی براتیسلاڤای پایتەختی سلۆڤاکیا، لە کەشوهەوایەکی بارانی و بە بەرزکردنەوەی وێنەکانی ژینا ئەمینی، خۆپێشاندانیان کرد.

محەمەد عەلی تالبی، دەرهێنەری ناوداری ئێران، لە وتەیەکدا رەخنەی لە دۆخی ئێستای ئێران و حکومەتی ئەو وڵاتە گرت.

"منیش ئاژاوەگێڕم"

لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان، هەڵوێست و کاردانەوەی کەسانی ناوداری ئێرانی فراوانتر دەبێت.

سامان عەبدولی، یاریزانی ناوداری هەڵبژاردەی زۆرانبازی ئێران، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاویکردەوە، رەخنەی لە بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپێشاندەران گرت.

ئەو، لە پەیامەکەدا روو لە بەرپرسانی حکومەتی ئێران دەڵێ: بۆ توندوتیژی بکەین؟ ئەوە رەوشتی مرۆڤان نییە. بۆ بیڕێزی بە ژنان دەکەن؟ ئەرێ بەراست ئەوە پیاوەتییە؟"

هەروەها سامان عەبدولی، نووسیویەتی: بۆ بەردەوام پێتانوایە خۆتان راستن و خەڵک هەڵەیە؟ بۆ جارێک گوێ لە خەڵک ناگرن؟"

باران کەوسەری
باران کەوسەری

لەلایەکی دیکەوە باران کەوسەری، ئەکتەری دیاری سینەمای ئێران بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە ئینستاگرام، رەخنەی توندی لە بەرپرسانی حکومەتی تاران گرت.

خاتوو کەوسەری نووسیویەتی: ئێوە شایەنی خۆپێشاندانی ئاشتیانەی سێ ملیۆن کەسی نەبوون. ئەگەر بەرگری و ناڕەزایی لە بەرامبەر دواکەوتوویی و گولـلەی ئێوە، ئاژاوە بێت، منیش وەک باران کەوسەری ئاژاوەگێڕم".

باران کەوسەری، براوەی چەندین خەڵاتی سینەمایی لە ئاستی ناوخۆی ئێران و دەرەوە دایە.

ئێستا تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لە تەواوی تۆڕەکانی دیکە لە ئێران بەربڵاوترە و هەر بۆیە سەردار ئازموون، یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێرانیش، لەوێ پەیامێکی بڵاوکردەوە.

ئەو لە پەیامەکەیدا دەڵێ: بە هۆی ئامادەبوونم لە راهێنانەکانی هەڵبژاردەی تۆپی پێ و یاسا و رێساکانەوە، لە بڵاوکردنەوەی پەیام سنوورداربووم، بەڵام چیتر تاقەتم نەماوە، ئەوپەڕەکەی لە پێکهاتەی هەڵبژاردە دەرمدەکەن و ئەوەش بە قوربانی تاڵەموویەکی ژنانی ئێران بێت".

ئەو، هەروەها نووسیویەتی: سەرشۆڕی بۆ ئێوە کە زۆر بەئاسانی مرۆڤ دەکوژن، بژی ژنانی ئێران".