بەهای لیرەی تورکی زیاتر دابەزی

دۆلارێکی ئەمەریکی بۆ 18.44 لیرە بەرزبووەوە
لیرەی تورکی
لیرەی تورکی

K24 - هەولێر

بەهای لیرەی تورکی بۆ کەمترین ئاستی خۆی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی دابەزی، لە دەستپێکی ئەمساڵیشەوە %28ی بەهاکەی لەدەستداوە، هۆکاری سەرەکی بۆ دابەزاندنی نرخی سوو لە تورکیا و بەرزکردنەوەی نرخی سوو لە ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، کە پێنوێنی دۆلاری بۆ بەرزترین ئاستی 20 ساڵی رابردووی بەرزکردووەتەوە.

بەهای دراوی تورکی لە دوایین مامەڵەکانی بەرامبەر دۆلارێک گەیشتە 18 لیر و 44 قوروش، لە کاتێکدا لە دوایین مامەڵەکانی رۆژی هەینی بۆ 18 لیرە و 42 قوروش دابەزی بوو.

ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو بانکی ناوەندی تورکیا، نرخی سووی بە شێوەیەکی پێشبینی نەکراو بە بڕی 100 خاڵی سەرەکی دابەزاند، بەمەش رێژەی سوو گەیشتە %12، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا ئابووری وڵاتەکە بەدەست سستبوونەوە دەناڵێنیت و رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکە بۆ سەرووی %80 بەرزبووەتەوە.