لە شەقامی مەولەوی سلێمانی 70 مۆبایل لە دووکانێکدا دزرا

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - سلێمانی

لە شەقامی مەولەوی شاری سلێمانی، لە دووکانێکدا 70 مۆبایل دزران، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: تیمەکانیان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکانیان دەستیپێکردووە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارەکان.

ئەمڕۆ دووشەممە (26/9/2022) خاوەنی دووکانێکی فرۆشتنی مۆبایل لە شەقامی مەولەوی شاری سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی: "ئەم بەیانییە کاتژمێر 7 پاسەوانێکی بازاڕەکە پەیوەندی پێوەکردم و گوتی، کاک ئەنوەر دووکانەکەیان بڕیویت، کاتێک هاتم بینیم 70 مۆبایلمان دزراوە و سێ قوفڵی دووکانەکە بە مقەستێکی گەورە شکێندراون".

سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستان 24ی راگەیاند: "تیمەکانی پۆلیس و پۆلیسی بەڵگەی تاوان چوونەتە شوێنی رووداوەکە، سەرەداویان دەستکەوتووە و دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە و لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی دزییەکەیان کردووە".

ئەو دووکانەی دزییەکەی لێکراوە، کڕین و فرۆشتنی مۆبایلی دەستی دوو دەکات، ئەو مۆبایلانەی لێی دزراون لە جۆرەکانی (ئایفۆن، سامسۆنگ گالاکسی، شاومی و ئۆپۆ) بوون  و بەهاکەیان مەزەندە دەکرێت بە زیاتر لە 30 هەزار دۆلار.

شەقامی مەولەوی، یەکێکە لە شەقامە سەرەکییەکانی سنتەری شاری سلێمانی و ژمارەیەکی زۆر (بازاڕ، قەیسەری، مۆڵ و دووکان)ی لەسەرە، بەشێك لە شەقامەکەش تایبەتە بە فرۆشتنی ئامێرەکانی مۆبایل و پێداویستییە ئەلیکترۆنییەکان.