وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامارێکی نوێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات

"دانیشتووانی هەرێمی کوردستان %14ی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت"
دیمەنێکی شاری هەولێر - ئەرشیف
دیمەنێکی شاری هەولێر - ئەرشیف

K24 - سلێمانی

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکرد، ژمارەی خەملێندراوی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن 884 هەزار کەسە واتە رێژەی %14ی دانیشتووانی عێراقە.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە وەڵامی نووسراوێکی پەرلەمانتارێکی کورد دا رایگەیاندووە، بەپێی دوایین رووپێوی کە لەبەردەستیاندایە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 5 ملیۆن 884 هەزار و 23 کەسە، کە ئەوەش رێژەی %14ی دانیشتووانی هەموو عێراق دەکات.

بەپێی نووسراوەکە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی دهۆک یەک ملیۆن و 432 هەزار و 326 کەسە و رێژەی %3.4  دانیشتووانی عێراقە. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی هەولێر، دوو ملیۆن و 55 هەزار و 448 کەسە کە دەکاتە %4.9  ژمارەی دانیشتووانی عێراق. ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای سلێمانیش، دوو ملیۆن و 396 هەزار و 206 کەسە ئەمەش دەکاتە رێژەی %5.7ی دانیشتووانی هەموو عێراق.

بەپێی خەملاندنی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکانی هەرێم لە ساڵی 2020 بە نزیکەی شەش ملیۆن 200 هەزار کەس خەملێندراوە، ئەمەش دەکاتە %15.3 دانیشتووانی عێراق کە بە 40 ملیۆن و 200 هەزار کەس خەملێندراوە.

نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 13ی ئەیلوولی 2022 نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کردبوو، تێیدا داوایکردبوو بەپێی ماددەی 61ی دەستوور زانیاری پێبدەن لەسەر لیستی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە پلانی وەبەرهێنانی 2021ی تایبەت بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەروەها قەبارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ساڵی 2022.

نەرمین مەعرووف دەڵێت: "ئەمە لە کاتێکدایە چەندساڵێکە وێرای درووستکردنی ئاستەنگی بەردەوام بۆ پێنەدانی شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی حکومەتی فیدڕاڵ و بەبێ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان لە عێراق، پشکی هەرێم بە کەمتر و بەڕێژەی( 12.6% ) ئەژمارکراوە ".