له‌ نێو یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا نازناوێكی نوێیان بۆ مێسی داناوه‌

لیۆنێل مێسی كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا
لیۆنێل مێسی كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا

لیۆنێل مێسی ئەستێرەی پاریس سانجێرمان و هەڵبژاردەی ئارجێنتینا کۆمەڵێک ناسناوی جیاوازی هەیە، بەڵام ئێستا هاوڕێیه‌کانی ناسناوێکی دیکەیان لێ ناوە و پێی دەڵێن ویسێل، کە جۆرێکە لە مشک و زۆر خێرایە، رۆژنامەی مارکای ئیسپانیش نووسیویەتی ئەم بابەتە پەیوەندی بە به‌شێکی دیاریکراوی جەستەوە هەیە.

دوای سەرکردایەتیکردنی ئارجێنتینا و سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر هندۆراس، یاریزانانی تانگۆ ناسناوێکی نوێیان بۆ لیۆنێل مێسی یاریزانی پاریس سانجێرمان دانا و هەر زوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو بووەوە.

لە جیهانی تۆپی پێ مێسی چەند ناسناوێکی هەیە وەکو پۆلگا یانیش جادووگەری ئارجێنتینی، بەڵام ئێستا ناسناوێکی دیکەشی هاتە سەر، ئەویش ویسێلە، کە جۆرێکە لە مشک، ئاژەڵێکە خێرایە لە راوکردن و دەشتوانێت خۆی لە دووژمنەکانی رزگار بکات.

دوای تۆمار کردنی دوو گۆڵ و رۆڵگێران لە تۆمارکردنی گۆڵێکی دیکە بۆ ئارجێنتینا، مێسی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام کۆمەڵێک وێنەی سەرکەوتنی تانگۆی بڵاو کردەوە و لەسەری نووسی شەوێکی دیکەی گەورە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتیمانی و سوپاسی ئەوانەی کرد کە پاڵپشیان دەکەن.

لەو پۆستەیدا رۆدریگۆ دێ پۆڵی هاونیشتمانی و یاریزانی ئاتلێتیکۆ مەدرید کۆمێنتی بۆ دەکا و دەنووسێ، ویسێل چۆن گاز دەگرێت؟

ئەمجارە پاپو گۆمێزی هاوڕێی کە ئەمیش یاریزانی سێڤییای ئیسپانیە، وەڵام دەداتەوە و دەڵێت ئەو ویسێلە شێتانەیە.

بۆچی هاوڕێیه‌کانی ئەم ناسناوەیان بۆ مێسی داناوە؟ هێشتا ئاشکرا نییە کە هاوڕێیه‌كانی بۆچی ئەم ناسناوە بەکار دەهێنن و بە نهێنی لە نێوان خۆیانیان هێشتووەتەوە، بەڵام رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرای کردووە کە ئەم ناسناوە پەیوەندی بە بەشێکی دیاریکراوی جەستەوە هەیە و دەڵێن قەبارەی ئاسایی نییە.

ئەم گاڵتەیەی نێوان مێسی و گۆمێز و دێ پۆڵ رەنگە ئاماژەیەک بێت بۆ بەرزی مۆڕالی تیپەکە و یەکگرتوویی نێوان یاریزانەکانی هەڵبژاردەی تانگۆ پێش ئەوەی لە مانگی نۆڤێمبەر داهاتوو بەشداری لە مۆندیالی 2022ی قەتەر بکات.

ئارجێنتینا دوای بردنه‌وه‌ی لە هندۆراس، رۆژی چوارشەممە رووبەڕووی جامایکا دەبێتەوە و لە مانگی نۆڤێمبەریشدا یارییەکی ئامادەکاریی بەرامبەر ئیمارات دەکات پێش ئەوەی لە 22ـی هەمان مانگ لە مۆندیال یەکەمین یاریی خۆی بەرامبەر سعوودیە بکات.