نابێت هاوڕه‌گه‌زبازی قبووڵ بكرێت

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی:
ئه‌مینداری گشتیی یه‌كێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، د. عه‌لی قه‌ره‌داغی
ئه‌مینداری گشتیی یه‌كێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، د. عه‌لی قه‌ره‌داغی

K24 – هه‌ولێر:

زانا و كه‌سایه‌تی ناوداری جیهانی ئیسلامی، د. عه‌لی قه‌ره‌داغی، ئه‌مینداری گشتیی یه‌كێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، له‌ میانی هه‌ڤپه‌یڤینێكی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، رابیته‌ی ئیسلامی كورد له‌ ماوه‌ی 35 ساڵی رابردوودا زۆر پڕۆژه‌ی گرنگی بۆ كوردستان ئه‌نجامداوه‌ و وه‌ك هه‌وڵێكی كه‌سیی، كاتێك په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ خراپ بوو، هه‌وڵمدا ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل راده‌ستی هیچ لایه‌نێك نه‌كرێت و له‌ ده‌ستی كورد بمێنێته‌وه‌. وتیشی: مامه‌ڵه‌ به‌ دراوی ئه‌لیكترۆنی حه‌رامه‌ و كورد گه‌لێكی پاكه‌ و نابێت هاوڕه‌گه‌زبازی قبووڵ بكرێت، چونكه‌ دژی فیتره‌تی مرۆڤه‌ و له‌ داهاتوو ده‌بێته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆیه‌ باشتر وایه‌ حكومه‌ت به‌ره‌نگاری ببێته‌وه‌.

ده‌قی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌

پرسیار: دوای 45 ساڵ ئه‌زموون، كوردبوونی جه‌نابتان هیچ ئاسته‌نگێكی درووست نه‌كردووه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ پله‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: بوونی من وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی كوردیی، یارمه‌تیده‌ر بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانم زیاتر گونجاو بێت، چونكه‌ مێژووی كورد له‌ هه‌ردوو بواری سیاسی، وه‌ك جه‌نابی سه‌ڵاحه‌ددینی ئه‌یوبی و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌یوبی و له‌ بواری زانستیی وه‌ك بوونی سه‌دان زانای كورد، وه‌ك ئیبن سه‌ڵاحی شاره‌زووری و ئیبن ته‌یمییه‌ یارمه‌تیده‌ر بووه‌.

پرسیار: له‌ ناوه‌نده‌ عه‌ره‌بییه‌كان تا چه‌ند كارتان بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندی كورد و وڵاتانی عه‌ره‌بی كردووه‌؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: سوپاس بۆ خوا له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی، به‌ تایبه‌تی كه‌نداو، په‌یوه‌ندیمان باشه‌ و له‌ گفتوگۆكاندا باسی كورد ده‌كرێت و له‌ كاتی پێویستدا ئه‌وان یارمه‌تیده‌ر بوون و له‌ 1988ه‌وه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ تایبه‌تی گه‌له‌كانیان، له‌وانه‌ گه‌لی قه‌ته‌ر، سعوودییه‌، به‌حره‌ین و ئیمارات یارمه‌تیده‌رمان بوو بۆ هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ی له‌ كوردستان كردوومانه‌.

پرسیار: له‌ هه‌قیقه‌تی پرسی كورد گه‌یشتوون؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: تا داگیركردنی كوه‌یت له‌ لایه‌ن سه‌دامه‌وه‌، زانیاریان كه‌مبوو. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵه‌بجه‌ش زانیاریان كه‌مبوو. پڕوپاگه‌نده‌ی به‌عسییه‌كان كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر گه‌له‌كان و وڵاتان درووست كردبوو. دوای ئه‌وه‌ میدیا ئه‌وانه‌ی ئاشكرا كرد. كاتێك یه‌كه‌مجار كوه‌یت داگیركرا، دوو رۆژی پێ نه‌چوو، زۆرێك له‌و وڵاتانه‌ په‌یوه‌ندیان پێوه‌ كردین، ئایا زانیاریتان چۆنه‌، به‌شێكیان له‌ ئاستی پادشا و میر و ده‌سه‌ڵاتداران له‌گه‌ڵمان دانیشین.

پرسیار: به‌ حوكمی پێگه‌ی ئاینیتان چیتان بۆ كورد كردووه‌؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: له‌ ساڵی 1988 رابیته‌ درووست كرا. له‌ ده‌ره‌وه‌ رۆڵی زۆرمان هه‌بوو بۆ په‌نابه‌ران. له‌ توركیا و ئێران و وڵاتانی دیكه‌شدا، رۆڵمان هه‌بوو. له‌ هه‌موو كۆنفرانسێكدا له‌و ماوه‌یه‌دا واته‌ له‌ دوای كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال ئێمه‌ ئه‌م مه‌زڵومییه‌ته‌مان گه‌یاندووه‌ته‌ گه‌لانی جیهان، تا مالیزیا و ئه‌ندۆنیزیا. توانیومانه‌ به‌ باشی ئه‌و سته‌مدیده‌ییه‌ی كورد بگه‌یه‌نین.

پرسیار: ده‌وترێت گه‌لانی دیكه‌ توانیویانه‌ ئیسلام بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كار بهێنن، بۆ نموونه‌ تورك ئه‌گه‌ر شه‌ش سه‌د ساڵه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی لێ بكه‌یته‌وه‌، ره‌نگه‌ شتێكی نه‌مێنێ شانازی پێوه‌ بكات، ئه‌مه‌ لای كورد نه‌بووه‌، نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست سوود له‌ ئیسلام وه‌ربگرێت؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: ئێمه‌ مێژووییه‌كی زۆر جوانمان هه‌یه‌، گه‌وره‌ترین كاری كردووه‌، توانی مه‌غریبی عه‌ره‌بی و ئه‌فریقیا بگه‌ڕێنێـته‌وه‌ بۆ مه‌زهه‌بی سوننه‌ و جه‌ماعه‌. ئیسرائیل چه‌نده‌ها كۆنگره‌ی له‌سه‌ر سه‌ڵاحه‌ددین كردووه‌، جارێكیان 60 توێژینه‌وه‌ی گه‌وره‌ له‌سه‌ر سه‌ڵاحه‌ددین كرابوو.

پرسیار: ده‌وترێت جه‌نابتان زۆر به‌ قووڵی لایه‌نگری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیان و ره‌خنه‌ی لێ ناگرن له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كانیشی؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: بێگومان ئه‌وه‌ راست نییه‌. ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ جه‌نابی ئه‌ردۆغان و ئه‌میری قه‌ته‌ر و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ رووسیاش په‌یوه‌ندی باشمان هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی رووسیا و وڵاتانی ئه‌ندۆنیزیا و مالیزیا په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌. جا په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ هۆی كه‌سیی بن یان به‌ هۆی پێگه‌كه‌مه‌وه‌ بووبێت، به‌ڵام ئێمه‌ هیچ كات چاوپۆشی له‌ هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك ناكه‌ین.

به‌ڵام پێویسته‌ بزانرێت ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌م بۆ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی و موسڵمانان و كوردیش سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت. گه‌لی كورد زۆر سوودمه‌ند بوو له‌و په‌یوه‌ندییه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ توركیا هه‌مانه‌. توركیا ده‌یویست ئیبراهیم خه‌لیل دابخات، ئێمه‌ چووین، كۆششمان كرد، ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ راده‌ستی هیچ لایه‌نێك نه‌كرێت و حكومه‌تی هه‌رێم تا راده‌یه‌ك په‌یوه‌ندی پچڕا بوو، من هه‌وڵی خۆم دا و چاوم به‌ كه‌سایه‌تییه‌ گه‌وره‌كان كه‌وت و خۆشبه‌ختانه‌ رازی بوون، ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ وه‌ك خۆی بهێڵنه‌وه‌.

پرسیار: ئایا كورد جه‌نابت وه‌ك پێویست ناناسن؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئایدۆلۆژییه‌وه‌ هه‌یه‌. شه‌ڕه‌كه‌ هی ئایدۆلۆژیایه‌. كاتی خۆی كه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی كرایه‌وه‌، فڕۆكه‌ی توركی نه‌ده‌هاته‌ سلێمانی و ته‌نیا ده‌چووه‌ هه‌ولێر، من ئه‌و په‌یامه‌م گه‌یانده‌ سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، پێم وت، له‌سه‌دا نه‌وه‌دی بازرگانانی سلێمانی كاڵا له‌ توركیا هاورده‌ ده‌كه‌ن، گرنگه‌ ئه‌و گه‌شتانه‌ بكرێنه‌وه‌.

پرسیار: له‌ یازده‌ی مارسی ئه‌مساڵ به‌یاننامه‌تان دژی توركیا ده‌ركرد، ئایا لۆمه‌ی نه‌كردن؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: وه‌ك چۆن له‌ كوردستان ئازادم و شوێنكه‌وته‌ی كه‌س نیم، به‌و جۆره‌ له‌ هه‌موو شوێنێكدا ئازادم. نه‌ وه‌ك كه‌س و نه‌ وه‌ك یه‌كێتییه‌كه‌مان ئێمه‌ پاشكۆی هیچ وڵاتێك نین، به‌ڵام ملكه‌چین بۆ دادوه‌ری و بنه‌مای ئیسلامی.

پرسیار: له‌ 22ی ئایاری 2021دا جه‌نابتان سه‌ردانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانتان كرد، ئایا پڕۆژه‌تان هه‌بوو، بۆچوونتان له‌سه‌ر چاكسازی چییه‌؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: زیاره‌ته‌كه‌ بۆ پیرۆزبایی له‌ وه‌رگرتنی كابینه‌كه‌ و دووه‌میش وه‌ك ئه‌ركێك كه‌ زانایه‌كی كورد پێویسته‌ چی بزانێت به‌ باش و زانایه‌كی خاوه‌ن ئه‌زموونێكی زۆر له‌ بابه‌تی ئابووری، چه‌ند شتێكی گرنگمان باس كرد. یه‌كه‌م زۆر زۆر داوامان لێكرد، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌كی كامڵ بێت، وانازانم، لابردنی گه‌نده‌ڵی ئاسان بێت، ئه‌مه‌ پێویستی به‌ حه‌زم و حه‌سم هه‌یه‌. پێویستی به‌ یارمه‌تیدانی میدیا و دادگا هه‌یه‌. به‌مانه‌ ده‌توانرێت گه‌نده‌ڵی له‌ناو ببرێت، ئه‌مه‌م زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ پێوت. دووه‌م: به‌ گوێره‌ی ئه‌زموونی ژیانی جیهانی و له‌ رووی زانیارییه‌وه‌، وه‌به‌رهێنان له‌ گه‌نج و لاوانی كوردستان و پێگه‌یشتنیان و بوونیان به‌ خاوه‌نی زانست، پله‌ی دووه‌مه‌ بۆ پێشكه‌وتنی كوردستان. سێیه‌م: یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی زۆر ته‌ركیزم خسته‌ سه‌ری، یه‌كبوونی لایه‌نه‌كان بوو.

پرسیار: په‌یوه‌ندی باشی هه‌رێم و وڵاتانی كه‌نداو به‌ تایبه‌تی قه‌ته‌ر چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: واده‌زانم هه‌نگاوی باش نراوه‌، له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و قه‌ته‌ر. كاك نێچیرڤان بارزانی و كاك مه‌سرور بارزانی ته‌شریفیان هێنابوو. ئه‌مانه‌ سوپاس بۆ خوا شتێكی باش و پیرۆزن. به‌ تایبه‌تی ئێستا قه‌ته‌ر له‌ رووی غازه‌وه‌ وه‌ك یه‌كه‌م وڵات له‌ رووی وه‌به‌رهێنانی غاز به‌ یه‌كه‌م یان دووه‌م داده‌نرێت.

پرسیار: چۆن هانی ئه‌و وه‌به‌رهێنانه‌ بدرێت؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: من وتم ئه‌م پله‌یه‌ی قه‌ته‌ر پێی گه‌یشتووه‌، پێویست ده‌كات سوودی لێ وه‌ربگیرێت، پێش پازده‌ ساڵ ئه‌م قسه‌یه‌م له‌گه‌ڵ جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانی باس كردووه‌، كه‌ پێویسته‌ زۆر په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌ نێوان قه‌ته‌ر و هه‌رێم هه‌بێت له‌ بواری غاز و نه‌وتدا.

پرسیار: پێشوازی قه‌ته‌ر چۆنه‌؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: له‌گه‌ڵ جه‌نابی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر باسم كردووه‌ و زۆر پێشوازی لێكرد و خۆیشی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌گه‌ڵ جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانی كۆبووه‌وه‌ و واده‌زانم قه‌ته‌ر زۆر پێشوازی له‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌كات و ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌هێز بێت.

پرسیار: دوای 35 ساڵ ئه‌زموونی رابیته‌ چۆن ده‌بینی، چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بووه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ ئه‌فریقاش چالاكیتان هه‌یه‌؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: رابیته‌ 35 ساڵه‌ كار ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وشه‌ قورسه‌ی هه‌یه‌، چه‌ندان دامه‌زراوه‌ نه‌یانتوانیوه‌  بتوانن سه‌ركه‌وتوو بن، بتوانن به‌و شێوه‌یه‌ خزمه‌ت بكه‌ن. ئێمه‌ له‌ حه‌وت شوێن لقمان هه‌یه‌.

پرسیار: ئه‌م پاره‌یه‌ له‌ كوێوه‌ دێت؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: ئه‌م پاره‌یه‌ هه‌مووی له‌ گه‌لانی كه‌نداو كۆده‌كرێته‌وه‌، قه‌ته‌ر به‌ تایبه‌تی و سعوودییه‌ و كوه‌یت و ئیمارات. به‌ڵام زۆربه‌ی له‌ قه‌ته‌ره‌وه‌یه‌. هه‌مووی به‌ سایه‌ی په‌یوه‌ندی كه‌سییه‌وه‌یه‌، هیچ مه‌رجێكی پێشوه‌ختیشیان نه‌بووه‌. له‌م دوو سێ ساڵه‌دا ده‌وڵه‌مه‌ندانی كوردستان و خێرخوازان زۆر یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن و زۆر سووپاسیان ده‌كه‌ین.

پرسیار: له‌ قه‌ته‌ر هیچ هه‌ژارێك نییه‌ و كه‌مترین مووچه‌ پێنج هه‌زار دۆلاره‌؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: به‌ڵێ راسته‌ و هیچ هه‌ژارێك له‌ قه‌ته‌ر نییه‌.

پرسیار: هیچ پڕۆژه‌یه‌ك هه‌یه‌ هه‌ژاری له‌ كوردستان نه‌مێنێ؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: ده‌مێكه‌ پڕۆژه‌ی ئه‌وه‌مان هه‌بووه‌ كوردستان هه‌ژاری تیا نه‌بێت و لانیكه‌م كه‌میبكه‌ینه‌وه‌. پڕۆژه‌كه‌ شه‌ش ته‌وه‌ر بوو، یه‌كێكیان دامه‌زراوه‌ی زه‌كات چالاك بكرێت، رێگریمان نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وقاف بێت، دووه‌م: دامه‌زراوه‌ی قه‌رز، سێیه‌م: دامه‌زراوه‌ی پاراستنی قه‌رزه‌كه‌، چواره‌م: وه‌به‌رهێنان، پێنجه‌م: پڕۆژه‌ی بچووك، سی تا چل پڕۆژه‌ دانرابوو، شه‌شه‌م: وه‌قف. ئه‌م شه‌ش پڕۆژه‌یه‌ بخرێنه‌كار و دواتر كۆمه‌ڵێك كۆمپانیای پشكداری له‌ هه‌موو بواره‌كان بخرێنه‌ كار، بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌م خه‌ڵكه‌ ببوژێنێته‌وه‌.

سێیه‌م شت زۆر زۆر گرنگه‌ ده‌بێت، ده‌وڵه‌ت یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ئه‌م پڕۆژانه‌، به‌شداریش بێت بۆ بووژاندنه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌، له‌ رێی زانستیی و رۆشنبیری و پلانێكی كامڵ بوو پێشكه‌شم كرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ره‌وشێك هات جێبه‌جێ نه‌كرا. له‌ سه‌ره‌تادا زۆر پێداگربوون، به‌ڵام جێهبه‌جێ نه‌كرا.

پرسیار: له‌ باره‌ی دراوه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان چی ده‌ڵێن بۆچی فه‌تواتان له‌ دژی هه‌یه‌؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: ئێمه‌ ئیمانمان وایه‌، هه‌ر شتێك باش بێت و سوودی هه‌بێت، ئه‌م ئاینی ئیسلامه‌ حه‌ڵاڵی كردووه‌، هه‌ر شتێكیش زیانی هه‌بێت بۆ مرۆڤ، یان پیسی و خراپی و زیانی تێدا بێت، حه‌رامه‌. ئیسلام ده‌یه‌وێت پارێزگاری ماڵ بكات، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین مه‌قاصدی ئیسلامی. دوای ئه‌وه‌ گه‌شه‌ی ماڵ دێت.

له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌، ئێمه‌ له‌ بابه‌تی بیتكۆین و برا و خوشكه‌كانی كۆڵیمانه‌وه‌. له‌ زانستی ئابووریدا ماڵ دوو  به‌شه‌، به‌شێكی ده‌بێت سوودی هه‌بێت بۆ كه‌س. بۆ نموونه‌ ببێته‌ به‌رگ و خواردن و شتێك له‌ سوودی هه‌بێت بۆ كه‌سه‌كان. هه‌ر شتێك سوودی تێدا بێت، مادام سووده‌كه‌ هه‌قیقه‌ته‌، ئه‌وه‌ ماڵ و سه‌روه‌ته‌. كه‌ سه‌یری ده‌كه‌ین ئێمه‌ دراوی ئه‌لیكترۆنی بیتكۆین و خوشكه‌كانی هیچ به‌هایه‌كی زاتیی نییه‌، به‌هاكه‌ی ته‌نیا له‌وه‌دایه‌ دراو بێت. واته‌ ئه‌بێ كه‌سێك له‌ دوای بێت بۆ ئه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ت نه‌ڕوات. له‌ 00.3 گه‌یشته‌ 67 هه‌زار دۆلار بۆ یه‌ك بیتكۆین، گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ 20 هه‌زار دۆلار، ئه‌مه‌ له‌ جیهاندا نییه‌.

پرسیار: له‌ ماوه‌كانی رابردوو، هیچ كیانێكی كوردیی درێژه‌ی نه‌خایاندووه‌، شۆڕشه‌كانی شێخ سه‌عیدی پیران، شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری و قازی محه‌ممه‌د، هه‌ریه‌ك له‌مانه‌ و چه‌ندانی دیكه‌ش ماوه‌یه‌كی كورتیان خایاندووه‌، به‌ڵام وه‌ك ئه‌زموونی حوكمڕانی سی ساڵ ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌م ئه‌زموونه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و چۆن ده‌بێت بپارێزرێت؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: به‌ یه‌كبوونی هه‌موو پارته‌كان، وه‌كو یه‌كه‌م هه‌نگاو، به‌ تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش، ده‌پارێزرێت. ناڵێم ببنه‌ یه‌ك، ئه‌گه‌ر نه‌بنه‌ یه‌كیش چه‌ند بنه‌مایه‌ك دابنرێت، له‌سه‌ری رێككه‌ون.

پرسیار: له‌سه‌ر پرسی رۆژئاوا بۆچوونتان چییه‌، توركیا دژی كیانێكی رۆژئاوایه‌ بۆ كورد؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: كیانێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ كورد له‌ سووریا به‌ تایبه‌تی زۆر دووره‌، ناڵێم موسته‌حیله‌، به‌ڵام دووره‌. ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی جه‌نابی كاك مه‌سعود و مام جه‌لالیش زۆر هه‌وڵدرا، برایانی لێپرسراو له‌ سووریا له‌ كورده‌كان، كه‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری هه‌بێت له‌ نێوان لایه‌نه‌كانی كوردستان و ئه‌وان و ئه‌وان و توركیا و رێگه‌ نه‌درێت دوژمنایه‌تی لایه‌نێكی دیكه‌ نه‌كرێت.

پرسیار: كێ نه‌یویست ئه‌و هاوكارییه‌ درووست بێت؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: خۆیان به‌رپرسن، 12 لایه‌نم كۆكرده‌وه‌ له‌ سلێمانی و چووینه‌ ماڵی خۆمان له‌ قه‌ره‌داغ و دوای گفتوگۆ گه‌یشتینه‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام دواتر جێبه‌جێیان نه‌كرد.

پرسیار: له‌ باره‌ی پارته‌ ئیسلامییه‌كانی كوردستانه‌وه‌ بۆچوونتان چییه‌، له‌ چه‌ند هه‌ڵبژاردنی رابردوو ئاماژه‌ به‌ كه‌مبوونی ده‌نگیان ده‌كرێت، ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، بچنه‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ یان ببنه‌ ئۆپۆزیسیۆن؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ بێت پێویست ده‌كات خۆیان وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌.

پرسیار: به‌ڵام بۆچوونی جه‌نابتان چییه‌؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: پێویسته‌ به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌ و كار له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژانه‌ بكه‌ن، كه‌ گه‌لی كورد پێویستیی پێیه‌تی.

پرسیار: له‌ فه‌یسبووك باستان كردووه‌، كوشتنی موسڵمان كوفره‌ و جوێنپێدانی فسقه‌؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: ئێمه‌ سێ شتمان هه‌یه‌، كوفر و فسق و عصیان هه‌یه‌. ((وكره إليكم الكفر والفسوق والعصيان)) فسق دوای كوفره‌، كوفریش دوو جۆره‌، وه‌ك كوفری عینادی و كوفری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ په‌رستشی خوا بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ سه‌د ئایه‌تی داناوه‌، كه‌ یه‌ك بن، به‌ڵام ئێمه‌ شه‌ڕمان كرد، واته‌ "كفر دون كفر"، وه‌ك حه‌زره‌تی ئیبن عه‌باس ده‌فه‌رموێت، به‌لامه‌وه‌ شتێكی زۆر خراپه‌ ئه‌وه‌ی له‌ عێراق و لیبیا و سووریا و یه‌مه‌ن رووده‌دات.

پرسیار: ئایا گه‌نده‌ڵی هۆكاری ئه‌و كێشانه‌ نییه‌؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: بۆچوونی من بۆ عێراق سێ شته‌، یه‌كه‌م: نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی، دووه‌م: ده‌رچوون له‌ پاشكۆیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی، هاوپه‌یمانی شتێكه‌ و ئه‌گه‌ر شوێنكه‌وته‌ی هه‌ر وڵاتێك بێت، ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر نابێت، سێیه‌م: پێویسته‌ وڵاته‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌ت بنیاتبنرێت، نه‌ك میلیشیا. چواره‌م: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت عێراق ده‌وڵه‌ت بێت، ده‌بێت تائیفی نه‌بێت.

پرسیار: نوێترین فه‌توات له‌ باره‌ی دراوی ئه‌لیكترۆنی؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: نزیكه‌ی سێ هه‌زار دراوی ئه‌لیكترۆنی هه‌یه‌، شه‌رعه‌ن هیچی درووست نییه‌ و هه‌مووی زیانه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێك ته‌به‌نی كرد، ئه‌گه‌ر وه‌ن كۆینی چینی كه‌وته‌ بازار با بچن بیكڕن، به‌ڵام موسته‌حیله‌ بچێـته‌ شه‌ست هه‌زار، تۆ بینیوته‌ دراوی ئه‌مه‌ریكا دۆلار، به‌هاكه‌ی په‌نجا جار زیاد بكات، ئه‌مه‌ موسته‌حیله‌.

پرسیار: له‌ كوردستان هه‌ندێك پێی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: قوماره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، به‌شێك ماڵی وێران ده‌بێت و به‌شێكیش ماڵی ئاوه‌دان ده‌بێت.

پرسیار: ئه‌ی له‌ باره‌ی گۆڕینی ره‌گه‌ز چی ده‌ڵێن؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی ئێستا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و پێی ده‌وترێت هاوڕه‌گه‌زبازی، ئه‌مه‌ شتێكه‌ ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ فیتره‌ی مرۆڤایه‌تی و هه‌موو ئاینه‌كان، مه‌سیحی و یه‌هوودی و ئیسلام و ته‌نانه‌ت ئایینی زه‌مینی وه‌كو ئاینه‌ خۆرهه‌ڵاتییه‌كان هه‌مووی حه‌رامی ده‌كات، چونكه‌ پێچه‌وانه‌ی فیتره‌تی ئینسانه‌.

شتێكمان هه‌یه‌، دوو به‌شی تێدایه‌، به‌شی پیاو و به‌شی ئافره‌ت، ئه‌مه‌ شه‌رعه‌ن بۆی هه‌یه‌، بزانێت كامیان زیاده‌، ئه‌گه‌ر لایه‌نی نێری زیاده‌ ئه‌توانێت خۆی بكاته‌وه‌ نێر، یان لایه‌نی مێیه‌كه‌. به‌ڵام مرۆڤی سرووشتی خۆی بگۆڕێت، ئه‌وا مه‌سخه‌ و گوناهه‌ گه‌وره‌كانه‌ و له‌وانه‌یه‌ ئاسته‌كه‌ی بگاته‌ ته‌حه‌ددی ئه‌مری خوا.

پرسیار: پێت وایه‌ هاوڕه‌گه‌زبازان له‌ هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یان زۆر بێت؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: نا، ئینشه‌ڵڵا من هیوام وایه‌ گه‌لی كورد كه‌ پاك و جوانه‌ ئه‌م شتانه‌ قبووڵ ناكات.

پرسیار: نابێت قبووڵ بكرێت؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: نابێت قبووڵ بكرێت و حكومه‌تیش واجبه‌ له‌سه‌ری به‌ره‌نگاری بێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ داهاتوو.

پرسیار: په‌یوه‌ندی به‌ ئازادی كه‌سییه‌وه‌ نییه‌؟

د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: نا په‌یوه‌ندی به‌ ئازادی كه‌سییه‌وه‌ نییه‌، ئێمه‌ خۆمان درووست نه‌كردووه‌، خوا ئێمه‌ی درووست كردووه‌، به‌لای كه‌مه‌وه‌ هه‌ر كه‌سێك پرسیاری لێبكه‌یت، ناڵێت من خۆمم درووست كردووه‌، باشه‌ كه‌سێك خۆی درووست نه‌كردووه‌، چۆن ده‌بێت گۆڕانكاری له‌ شتێك بكات، كه‌ خۆی درووستی نه‌كردووه‌.