کات و شوێنی کۆنسێرتەکەی فەرهاد زیرەک لە هەولێر ئاشکراکرا

.
.

K24 – هەولێر

لەسەر ئەرکی پارێزگاری هەولێر کۆنسێرتێکی گۆرانی و میوزیک بۆ هونەرمەند فەرهاد عەلی سەعید رێکدەخرێت و کات و شوێنی کۆنسێرتەکە راگەیەندرا و کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکە دەبێت.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: کاتژمێر 5ی ئێوارەی رۆژی 13/10/2022 لە پارکی شانەدەر، کۆنسێرتێکی شایستە بۆ هونەرمەندی شاری هەولێر و کوردستان (فەرهاد عەلی سەعید) ساز دەکرێت.

سەرچاوەکە رشیگەیاند: "کۆنسێرتەکە لەسەر ئەرکی پارێزگای هەولێر ئەنجام دەدرێت".

ئێوارەی 6ی ئابی 2022، ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاکرایەوە، کە تێیدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر چاوی بە هونەرمەند  فەرهاد عەلی سەعید ناسراو به‌ فەرهاد زیرەک دەکەوێت و پێشنیازی ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی بۆ دەکات، ئەویش لەهەمانکاتدا رەزامەندی خۆی لەسەر پێشنیازەکە دەردەبڕێت.

فەرهاد عەلی تەها ناسراو بە "فەرهاد زیرەك" ساڵی 1961 لە هەولێر لەدایكبووە و هه‌ر له‌وێ گه‌وره‌ بووه‌. وەکخۆی رایگەیاندووە، كاریگەریی هونەرمەندی گه‌وره‌ حەسەن زیرەكی لەسەرە و ساڵی 1977 دەستی بە گۆرانی گوتن كردووە و ئێستا خاوەنی كه‌سایەتییەكی باڵایە لە هەولێر.

فەرهاد زیرەک لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا کەمتر دەرکەوتووە و ئاهەنگ و کۆنسێرتیشی نەکردووە، لەم کۆنسێرتەدا جارێکی دیکە بە هەواداوانی شاد دەبێتەوە.