بانکی ناوەندی لەبارەی دەنگۆی دەستکاریکردنی بەهای دیناری عێراقی روونکردنەوە دەدات

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - سلێمانی

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، هیچ نیازێکیان نییە بۆ دەستکاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و دەشڵێت: چاپی نوێی دراوی عێراقی دەخەنە بازاڕەوە.

مستەفا غالب ئەمڕۆ سێشەممە (27ی ئەیلوولی 2022) لەمیانەی بەشداریکردنی لە كۆڕبه‌ندی ئه‌لرافیده‌ین لە بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، کار لەسەر دەرکردنی چاپێکی نوێ دەکەن بە بەهاى 20 هەزار دینار، بە ئامانجی هاوسەنگی لەگەڵ پێداویستییەکان و هاوتاکردنی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

سەبارە بە پرسی لابردنی سفرەکانی سەر دراوی عێراقی، مستەفا غالب لە کۆڕبەندەکەدا کە بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بەڕێوەدەچێت گوتی: "لابردنی سفرەکان پێویستی بە دەرکردنی یاسایەک هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش رەشنووسی یاسایەک لەم بوارەدا لەلایەن بانکی ناوەندییەوە ئامادەکراوە و پێشکەشی حکومەتی پێشوو کراوە".

حکومەتی عێراق لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021، بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی دابەزاند و 100 دۆلاری بەرامبەر 145 هەزار دینار جێگیرکرد.

لە ساڵی 2014ـەشەوە حکومەتی عێراق، پلانی لابردنی سفرەکانی سەر دیناری ئاراستەی پەرلەمان کرد، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی داعش ئەوکات جێبەجێنەکرا، ساڵی 2021 جارێکی دیکە حکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، لە پلانیاندایە سفرەکانی سەر دینار لاببەن، بەڵام بۆ ئەمە پێویستان بە  سەقامگیری سیاسی و جێگیربوونی نرخەکان هەیە.