هونەرمەندانی کورد روو لە بەرپرسانی ئێران: ماندوو و تووڕەین

"ئەو نیشتمانە بۆ کوێ دەبەن؟ خەونی چ چارەنووسێکتان بۆ ئێمە بینیوە؟
ماندوو و تووڕەین
ماندوو و تووڕەین

K24 – هەولێر

هونەرمەندانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نامەیەکدا سەبارەت بە کوژرانی ژینا ئەمینی و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران، روو لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن، "ئەو نیشتمانە بۆ کوێ دەبەن و خەونی چ چارەنووسێکتان بۆ ئێمە بینیوە؟ ... ئێمە ماندوو و تووڕەین".

زیاتر لە 100 هونەرمەندی ناوداری کورد لەوانە، قوتبەدین سادقی، هادی زیائەدینی، جەمشید عەندەلیبی، جەلیل عەندەلیبی، شەهرام عەلیدی، بیژەن کامکار و شەهرام نازی، لە نامەیەکدا لەگەڵ ئاماژەدان بە کوژرانی ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەی ئێران، رایانگەیاندووە، "ئیستا کە ژینای رێبوارمان بە خاک دەسپێرین، بێزارین و هاوار دەکەین.  بێزاری لە توندوتیژی و کپکردن، بێزاری لە زۆرداری و بەرەنگاربوونەوەی ئیرادەی گشتی. بێزارین لە ئیرادە و ئەو فەرمانانەی خوێنی خەڵک حەڵال دەکات، گیانی مرۆڤەکانی بەلاوە هەرزانە و بۆ داپۆشینی هەر تاوانێک، درۆیەک دەکات".

لە نامەکەدا هاتووە، "هەر بەیانییەکمان بە هەواڵی مردن دەکەینە ئێوارە، مردنی گەشتیارانی فرۆکەیەکی پڕ لە هیوا، مردنی بەشەرەفی کۆڵبەرێکی پڕ لە هیوای نان، مردنی وەرزشوانێک پڕ لە هیوای شانازی، مردنی ئەو کۆچبەرانەی لە نائومێدی رادەکەن، مردنی ژنێک پڕ لە شەرەف، مردنی غرووری پیاوێکی کووڕ کە لە ناو زبڵدا بەدوای پاروو نانێکە، مردنی ئەو کچانەی بۆ کڕینی دەرمانی دایکیان چوونە سەر شەقامەکان، مردنی گۆلی ورمێ، مردنی زاگرۆس و مردنی هونەر".

هونەرمەندانی کورد لە کۆتایی نامەکەیاندا نووسیویانە، "ئیمە وەک کۆمەڵەی هونەرمەندانی کورد و وڵاتی ئێران کە پەروەردەی دەستی ئەو خەڵک و نەتەوەین و ئەمینداری هونەر و گێرەڕەوەی و تۆمارکاری هیوا و ئازارەکانیانین، هاوخەمی خۆمان لەگەڵ خەڵکی خەمباری ئێران رادەگەیەنین و بە نوێنەرایەتی ئەوان، دووپات لە تووڕەیی و ماندووبوونمان دەکەینەوە".

کوژرانی ژینا ئەمینی ٢٢ ساڵان لە تاران کە لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە دەستبەسەر کرابوو، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە.

ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵک تا ئێستا لە شارە گەورەکانی ئێران بەردەوامە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش داوای پاراستی مافی خۆپێشاندەران و بەدواداچوونی ورد و روون بۆ دۆسیەی کوژرانی ژینا ئەمینی دەکەن.

نامەی هونەرمەندانی کورد .. لاپەڕە یەک
نامەی هونەرمەندانی کورد .. لاپەڕە یەک
نامەی هونەرمەندانی کورد .. لاپەڕە دوو
نامەی هونەرمەندانی کورد .. لاپەڕە دوو
نامەی هونەرمەندانی کورد .. لاپەڕە سێ
نامەی هونەرمەندانی کورد .. لاپەڕە سێ