فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی توركیا دوو سەرکردەی ئیداره‌ی خۆسه‌ریان كرده ئامانج
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ (سێشەممە 27ـی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆکەوانی تورکیا، ئامانجێكی له نزیك گوندی ته‌لجومانی سەر بە ناحییەی گێرکێلگێ، له پارێزگای حه‌سه‌كه كه 60 كیلۆمه‌تری له قامیشلۆ دووره، بۆردومانكرد.
به گوێره‌ی راپۆرتە میدیاییه‌كان، دوو هاوسەرۆکی ئۆفیسی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی زیندان، (ئیداره‌ی خۆسه‌ر)، زه‌ینه‌ب سارۆخان و یەڵماز شێرۆ به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی توركیا کوژران.
لەلایەن خۆیەوە روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئه‌م هه‌واڵه‌ی پشتڕاستكرده‌وه، کە فڕۆکەیه‌كی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی ئیداره‌ی خۆسه‌ریان کردە ئامانج.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌نجوومه‌نی جێبه‌جێكاری هه‌رێمی جزیره، له میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا هه‌واڵی كوژرانی زه‌ینه‌ب سارۆخان و یه‌ڵماز شێرۆیان بڵاوكرده‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: به‌وپه‌ڕی شانازییه‌وه، ئیداره‌ی خۆسه‌ری هه‌رێمی جزیره، شه‌هیدبوونی هه‌ردوو هاوسه‌رۆك زه‌ینه‌ب سارۆخان و یه‌ڵماز شێرۆ راده‌گه‌یه‌نێت، كه له رێگه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی توركیا كرانه‌ئامانج.