ئێران دەڤەری برادۆستی تۆپبارانکردەوە
K24 – سۆران
بۆ رۆژی پێنجەم لەسەر یەک ئەمڕۆ جارێکی دیکە تۆپخانەکانی ئێران دەڤەری برادۆستیان لە سنووری ناحیەی سیدەکان تۆپبارانکرد.
تەیفور محەمەد پەیامنێری کوردستان24 لە دەڤەرەکە رایگەیاند، کاتژمێر (7:20)ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ تۆپخانەکانی ئێران بە چڕی چیاکانی بەربزین و سەقەر، کوێستانی بەربزین و سنووری گوندەکانی بن پەرێز و بەنێ-یان لە سنووری شارەدێی سیدەکان تۆپباران کردەوە.
ئەمە لە کاتێکیدایە دوێنێ جگە بەردەوامی تۆپباران بۆ سەر سنووری سیدەکان، ئێران لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گوندی مێرگەی لە سنووری قەزای چۆمان بۆردومان کرد.
هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ماوەی پێنج رۆژە ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان تۆپباران و بۆردومانی دەستپێکردووە، کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی بەشێک لە گوندنشینان و زیانگەیاندن بە رەز و باخەکانیان.