لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لێکۆڵینەوە لە سەرکوتکارییەکانی ئێران دەکات

ئەگنێس کالامارد، سکرتێری گشتیی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی
ئەگنێس کالامارد، سکرتێری گشتیی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی

K24 – هەولێر

ئەگنێس کالامارد، سکرتێری گشتیی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و دیاریکردنی بەرپرسی ئەو کارە دەکات.

ئەگنێس کالامارد، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (بی بی سی)، وەک "پێشێلکردنێکی گەورەی مافی مرۆڤ"، باسی لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لە ئێران کرد و گوتی: بۆ ئەوەی دەستبەکار بین، پێویست ناکات ئەو تاوانانە بگەنە ئاست تاوان دژی مرۆڤایەتی".

ئەو، "بەڵگەکانی کوشتن" لە ئێران کۆدەکاتەوە و دووپاتیکردەوە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەتوانێ، راپۆرتی شایەتحاڵ و بنەماڵەی قوربانیان وەربگرێت.

خاتوو ئەگنێس کالامارد، گوتی: حکومەتی ئێران لەبری تەقەکردنی لە خۆپێشاندەران، پێویستە ئەو یاسایانە هەڵبوەشێنێتەوە کە دژی مافی مرۆڤن و لە ئێرانی ئەمڕۆدا جێیان نابێتەوە.

سکرتێری گشتیی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، "ئەو یاسایانە هۆکاری سەرەکی توندوتیژین لە ئێران، ئەو یاسایانەی بە سووکی باس لە ژنان دەکەن و هۆکاری ئەشکەنجەدانیانە، ئەو یاسایانەی کە ئازادی رادەربڕین پێشێل دەکەن و سنووری تاکەکەسی دەبەزێنن. ئەو یاسایانە دەبێ نەمێنن، وەکو پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی کە بەرپرسیارە لە کوشتنی مەهسا [ژینا] ئەمینی. بوودجەی پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەبێ ببڕدرێت، ئەو هێزە نابێ بمێنێت، ئەوان هێمای سەرکوتکارین و لە ئێرانی ئەمڕۆدا نابێ بمێنن.

ئەو، داوای لە خەڵکی جیهان کرد "لەپاڵ ژنان و پیاوانی بوێری ئێران بوەستن" و گوتی: وێنەی گەنجان و خەڵکی بەتەمەنمان بینیوە کە لە بەرامبەر پۆلیس وەستاون. قژیان دەبڕن، لەچکەکانیان دەسووتێنن و رووبەڕووی خراپترینەکان دەبنەوە. ئێمە دەبێ لە پاڵ ئەوان بین. تا ئێستا دەیان کەس کە منداڵیشیان لەناو دایە، کوژراون و خەڵکێکی زۆریش بریندارە. ئەوانە پێشێلکردنی روونی مافی مرۆڤە و دەبێ ئێران بە بەرپرسیار بزاندرێت".

کوژرانی ژینا ئەمینی ٢٢ ساڵان لە تاران کە لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە دەستبەسەر کرابوو، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە.

ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵک تا ئێستا لە شارە گەورەکانی ئێران بەردەوامە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش داوای پاراستی مافی خۆپێشاندەران و بەدواداچوونی ورد و روون بۆ دۆسیەی کوژرانی ژینا ئەمینی دەکەن.