بەڕێوەبەری نوێی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستبەکاربوو

"هەندرێن هیوا موفتی بووە بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی"
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لەگەڵ هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لەگەڵ هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی

K24 - سلێمانی:

بەپێی فەرمانێکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەندرێن هیوا موفتی، وەک بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستبەکاربوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە (28ی ئەیلوولی 2022) فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند "رۆژی 27ی ئەیلوول ئانۆ جەوھەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە مەراسیمێکدا لە دیوانی وەزارەت بە میوانداری دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سەر بەوەزارەتی گواستنەوە وگەیاندن، فەرمانی راسپاردنی بەخشییە (هەندرێن هیوا موفتی) وەک بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و دەستبەکاربوو".

.

لە فەرمانە وەزارییەکەدا هاتووە "ئەم فەرمانە جێبەجێ دەکرێت لە رۆژی دەرچوونییەوە".

ھەندرێن ھیوا موفتی، لە ساڵی 1965 لەدایکبووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی فڕۆکەوانیدا هەیە، ماوەی هەشت ساڵ، وەک جێگری بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی سلێمانی کاریکردووە و پێشتریش بەڕێوەبەری چالاکی زەمینی فڕۆکەخانەکە بووە.

رۆژی 4ی ئابی 2022، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، دوای زیاتر لە 12 ساڵ کارکردن، تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری پێشووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ماوەی یاسایی کارکردنی تەواو بووە و ماڵئاوایی لە فەرمانبەرانی فڕۆکەخانە کردووە.

دواتریش ئەوە راگەیەندرا کە هەندرێن هیوا موفتی جێگری بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەبێتە بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەکە، بەڵام لە رۆژی 10ی ئابی 2022 دا، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، رێباز محەمەد خەلیل، دیاریکراوە بۆ بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە وەکالەت.

لە هەرێمی کوردستاندا، دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەیە، کە بریتین لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، رۆژانە سەدان کەس لەو دوو فڕۆکەخانەیەوە، گەشت بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان، ئەنجام دەدەن.

.