ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

دیمەنێکی شوێنی هێرشە مووشەکییەکە لە زڕگوێز
دیمەنێکی شوێنی هێرشە مووشەکییەکە لە زڕگوێز

K24 – هەولێر:

ئێران بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو چەند بارەگایەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی و پارتی ئازادی کوردستانی کردە ئامانج.

سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی 2022، ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە کە بە "قەڵای دیموکرات" ناسراوە.

هاوکات ئێران لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، هەر یەک بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لە زڕگوێزەڵە و بارەگای پارتی ئازادی کوردستان (پاک)ی لە سنووری پردێ کردە ئامانج.

رەزا کەعبی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر بارەگاکانیان لە نزیکەی رێگەی سەرەکی سلێمانی – قەرەداغ کراوتە ئامانج و بەوهۆیەوە بەشێک لە بینا و بارەگاکانیان رووخاون.

بە گوتەی رەزا کەعبی، هیچ زیانێکی گیانی بەر ئەندامەکانیان نەکەوتووە و تیمە تەندروستییەکانی خۆشیان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێک.

رەزا کەعبی دەڵێت "تائیستا هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی ئیدارەی ناوچەکە هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نەکردووین و نازانین شێوازی هێرشکردنە سەر بارەگاکانمان چۆن بووە".