وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا: بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی ‌هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

سلێست واڵەندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، هەڕەشەی داعش بەردەوامە هەر بۆیە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ‌هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی داعش.

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا راپۆرتێکی لەسەر سەردانی هەفتەی رابردووی سلێست واڵەندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی، بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بە رۆڵی پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی داعش دراوە.

بە پێی راپۆرتەکە، واڵەندەر دووپاتی کردووەتەوە، کە ئەمەریکا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان زیاتر لە 50 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە و زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار کەس  و دامەزراوەی یەکجار هەستیاریان لە بن دەستی داعش رزگار کردووە.

هەر لەم سەردانەدا واڵەندر یادداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان واژووکرد کە تێیدا چوارچێوەی کاری هاوبەشی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ چوار ساڵی داهاتوو دیاریکراوە.

واڵەندەر هەروەها جەختی لەوەکردەوە، ماوەی چەندین دەیەیە ئەمەریکا و و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە کار دەکەن لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەشی وەک دابینکردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان.