حوسێن یەزدانپەنا: زیانی زۆری گیانیمان هەیە

"تا ئێستا هێرشەكان بەردەوامن و مەترسی زۆرمان لەسەرە"

K24 – هەولێر:

حوسێن یەزدانپەنا، فەرماندەی هێزەكانی پارتی ئازادی كوردستان (پاک)، دووپاتیکردەوە کە "هێرشی چڕ"ـیان کراوەتەسەر و "زیانی زۆری گیانی"ـیان هەیە.

حوسێن یەزدانپەنا، بە کوردستان24ـی راگەیاند: زۆر بەچڕی هێرشكرایە سەر بارەگاكانمان لە میحوەری كەركووك لە پردێ و زیانی زۆری گیانیمان هەیە".

زیاتر گوتی: هێرشەكان لە رێگەی موشەك و درۆنەوە بووە و تا ئێستا هێرشەكان بەردەوامن و مەترسی زۆرمان لەسەرە.

هاوکات ئێران لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو و مووشەک، هێرشی کردە سەر هەر یەک بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لە زڕگوێزەڵە و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لە کۆیە .

رەزا کەعبی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر بارەگاکانیان لە نزیکەی رێگەی سەرەکی سلێمانی – قەرەداغ کراوتە ئامانج و بەوهۆیەوە بەشێک لە بینا و بارەگاکانیان رووخاون.

بە گوتەی رەزا کەعبی، هیچ زیانێکی گیانی بەر ئەندامەکانیان نەکەوتووە و تیمە تەندروستییەکانی خۆشیان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێک.

رەزا کەعبی دەڵێت "تائیستا هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی ئیدارەی ناوچەکە هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نەکردووین و نازانین شێوازی هێرشکردنە سەر بارەگاکانمان چۆن بووە".