لە هەولێرەوە ئەمبولانس و تیمی فریاگوزاری رەوانەی کۆیە دەکرێت

دیمه‌نی منداڵانی قوتابخانه‌ی نزیك كه‌مپی دیموكرات له‌ ترسی بۆردومانه‌كان رایان كردووه‌
دیمه‌نی منداڵانی قوتابخانه‌ی نزیك كه‌مپی دیموكرات له‌ ترسی بۆردومانه‌كان رایان كردووه‌

K24 – هەولێر

لەسەر راسپاردەی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کورستان، ژمارەیەکی زۆری ئەمبوڵانس و تیمەکانی فریاگوزاری رەوانەی شاری کۆیە کران.

دوابەدوای بۆردومانکردنی بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، لەسەر راسپاردەی وەزیری تەندروستی، سەرجەم نەخۆشخانەکانی فریاکەوتنی هەولێر خرانە ئامادەباشی بۆ چارەسەرکردنی برینداران.

ئەمڕۆ (چوارشەممە 28ـی ئەیلول) بە مووشەک و درۆنی بۆمپرێژکراو، بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، زەرگوێزڵەی سلێمانی و پردێ، کرانەئامانج.

شیروان جەلال، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە، بە کوردستان24 دەڵێ: بۆردومان بەردەوامە و بەو هۆیەوە ناوێرین تیمەکانمان رەوانە بکەین، بەڵام ژمارەیەک لە بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

هاوکاری عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی کۆیە دەڵێ: دوو شەهید و حەوت بریندار هەیە، مێرمنداڵ لە ناو بریندارەکاندا هەیە.